هێزی سەربازیی تورکیا نەگەیشتۆتە قەندیل

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانى نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکە لە سنوورى برادۆست کە دەکەوێتە سێگۆشەى سنوورى تورکیا و عێراق و ئێرانەوە بەردەوامى هەیە و تادێت چڕتر دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەوى یەکشەممە لەگەڵ بۆردومانى چڕى ئاسمانیى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، دەوروبەرى گوندى مێرگانى ناوچەى برادۆست بووە گۆڕەپانى ڕووبەڕووبوونەوەیێکى توندى سەربازانى تورکیا و پەکەکە.

بەرپرسانى تورکیا ماوەى چەند حەفتەیێکە جەخت دەکەنەوە کە سوپاکەیان لە قەندیل لە پێگەى سەرەکیى پەکەکە نزیک بوونەتەوە و دەڵێن دەیانەوێت پەکەکە لەو ناوچە ستراتیژییە دەربکەن کە بە چیا و لووتکە سەختەکانى ناسراوە. بەڵام بەرپرسانى پەکەکە جەخت دەکەنەوە کە هێشتا شەڕ لە سنوورى برادۆستە و نەگەیشتووەتە قەندیل.

سەرحەد وارتۆ وتەبیژى پەکەکە بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند: پێشتریش چەندجارێک سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنى گەورەترى دژ بە قەندیل ئەنجام داوە بەڵام هیچ دەستکەوتێکى نەبووە، بۆیە ئەمجارەش وەک ڕابردوو بێ دەستکەوت دەبێت.

وتیشى، سوپاى تورکیا دەیەوێت هەرێمی کوردستان داگیربکات، بەڵام ئێمە بێگومانین لەوەى ئەمەى بۆ ناچێتەسەر.

قەندیل ڕووبەرەکەى هەزار کیلۆمەترە و بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە بۆ ناو خاکى تورکیا و ساڵانێکى درێژە لەلایەن تورکیاوە دەکرێتە ئامانج، بە جۆرێک لە نێوان ساڵانى ١٩٩٥-١٩٩٧ سوپاى تورکیا بە بەشدارى هەزاران سەرباز و پشتیوانى فڕۆکەى جەنگى سێ ئۆپەراسیۆنى بۆ سەر قەندیل ئەنجامدا، بەڵام ئۆپراسیۆنەکان بێ ئەنجام بوون.

وتەبێژى پەکەکە جەختی کردەوە، لە ناوچەى برادۆست شەڕ و ڕوبەڕووبونەوەکان بەردەوامییان هەیە و بە هیچ شێوەیێک سوپاى تورکیا نزیکى قەندیل نەبووەتەوە.

هەروەها قسەکانى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاى ڕەت کردەوە لەبارەى بەئامانج گرتنى کۆبوونەوەیێکى بەرپرسانى پەکەکە لە قەندیل لە ١٦ى ئەم مانگەدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە.

بەرپرسانى تورکیا پێشتر چەندجارێک جەختیان کردووەتەوە بۆ هێرش کردنە سەر قەندیل بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر خاکى هەرێمى کوردستانیان بەزاندووە و ژمارەى هێزەکانیشیان لەو بنکە سەربازییانەى لە هەرێم هەیانە بۆ دوو هێندە بەرزکردووەتەوە.

ڕۆژى ٣١ی مانگی ڕابردووش، سوپای توركیا بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆرەوە چوونە ناو گوندی بەرمیزە لە سنووری سیدەکان.

سەرچاوە: ئین ئاڕ تی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15746

Your Comment

You are replying to: .
captcha