ئەردۆغان: شەڕی ئیدلیب دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات/ سووریا لە ئیدلیب بکشێتەوە

بەشی تورکیا- سەرۆککۆماری تورکیا ڕایدەگەیێنێت، بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەرێ کانێ و گرێ سپییان ئەنجام داوە و ئەوەی لە ئیدلیب ڕوو دەدات دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە دەبێت سوپای سووریا واز لە ئیدلیب بهێنێت.

کوردپرێس:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لەمیانی بەشداری­کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی ئاکپارتی باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و بەئامانج­کردنی سوپای تورکیای کرد.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد "لە تۆڵەی سەربازەکانمان 76 سەربازی سووریامان کوشتوە"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ هێرشەکەی سەر سوپای تورکیا لە ئیدلب کە پێنج سەرباز و سێ کارمەندی کەرتی سەربازی کوژران و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.

هەر سەبارەت بەو سەربازانەی وڵاتەکەی کە لە ئیدلب کوژران، سەرۆکی تورکیا گوتی "لە کاتێکدا ئاسایشی سەربازانمان دەستەبەر ناکرێت، هیچ ناڕەزاییێکتان لەوە نەبێ کە ئێمە مافی خۆمان بەکار دەهێنین و خۆمان کارەکە ئەنجام دەدەین. ئەگەر دەوڵەتی سووریا لە مانگی شوباتدا لە خاڵە چاودێرییەکانمان پاشەکشێ نەکات، تورکیا ناچار دەکات خۆی ئەم کارە ئەنجام بدات".

ئەردۆغان ئیدعاشی کرد دەوڵەتی سووریا ستەم لە خەڵکەکەی خۆی دەکات و پابەندی رێککەوتنی ئەستانە نەبووە کە رێگە بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سووریا دەدات.

لەبارەی مانەوەی تورکیا لە سووریا ئەردۆغان گوتی، تورکیا نیازی مانەوەی هەمیشەییی لە سووریا نییە و لەوکاتەی وڵاتەکە کەوتە دۆخێکی سەقامگیر و کارەکانی دەستوور تەواوکران و رێکخراوە تیرۆرستییەکان ئەو وڵاتەیان جێهێشت، تورکیا دەڕوات؛ ئاماژەی بەوەش کرد "هەرکەسێک بپرسێ؛ تورکیا چ کارێکی لە سووریادا هەیە؟ ئەوە بزانن یان بێئاگایە یانیش دوژمنی ئەم گەل و وڵاتەیە".

هەروەها ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە ڕووسیا و ڕایگەیاند "تاکە چاوەڕوانیمان لە ڕووسیا ئەوەیە لە سووریادا زیاتر لە هەستیارییەکانی تورکیا تێبگات"، ڕەخنەی تووندیشی لە ئەمریکا گرت بەوەی لە دژی تورکیا پشتیوانیی یەپەگە دەکات و ئاماژەی بەوە کرد "تاکە خەمیان ئەوەیە چۆن پەیەدە، یەپەگە واتا پەکەکە، زیاتر پڕچەک بکەن. دەڵێن با وەها پڕچەکیان بکەین کە بتوانن دژی تورکیا بوەستنەوە".

ئەردۆغان لەبارەی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل ڕەخنەی تووندی لە ئەمریکا گرت و گوتی "پرۆژەی سەدە بە هەموو شێوەیێک لەلایەن ئەنقەرەوە ڕەت کراوەتەوە".

News Code 157436

Your Comment

You are replying to: .
captcha