«کاوە عەزیزی» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس ئاماژەی دا بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری سووریا و ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری سووریا بە شێوەی جیددی داوای کردووە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد نووسینگەکانی خۆی لە کوردستای سووریا بکاتەوە و داوای یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی کردووە.
ناوبراو درێژەی دا: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاش پێشوازیی لەو داخوازییە کردووە و چەند جار لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا کۆ بووینەتەوە و داوای ئازادیی زیندانییەکانی خۆمان لە حزبی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) کردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئەم کاتە هەوڵێکمان نەبینیوە.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا زیادی کرد، پاش گفتوگۆ دیپلۆماتیکەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ئەنقەرە، چاوپێکەوتن لەگەڵ جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لەکاروباری سووریا، دیدار لەگەڵ کونسۆڵی ڕووسیا لە هەولێر، دیدار لەگەڵ کونسۆڵی فەڕەنسا لە ئەنقەرە و هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ بوگانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە هەولێر؛ داواکاریی هەموویان ئەوە بوو کە کوردانی سووریا بگەنە یەکڕیزی لەگەڵ یەکتر تا بەستێن بۆ پشتیوانی کردنیان لە دەستووری نوێی سووریادا فەراهەم بکرێت.
کاوە عەزیزی ئاماژەی بە بڕیاری حزبە ئامادەبووەکان لە ئەنجومەنی یەکێتیی کوردانی سووریا لەبارەی کردنەوەی نووسینگەکانیان لە کورداستانی دا و وتی: لەسەر داوای جەنابی «مەسعوود بارزانی» و گەلی کورد لە سووریا و بۆ متمانە و وەڵامدانەوەی ئەو داخوازیە، ئێمە نووسینگەکانمان لە قامیشلۆ، عاموود، دەربەسیە و کۆبانێ دووبارە کردەوە.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد کەشێکی سیاسی گونجاو لە کوردستانی سووریا دەستی پێکردووە و هیوادارین بگەینە ڕێککەوتنێکی تەواو لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment