کوردپرێس:
لە سۆشیاڵمیدیا باسی ئەوە دەکرا گوایە سەرۆکی ئەمریکا نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم کۆبانێی تێکەڵ کردووە، ئێوە کە لەوێ بوون ڕاستییەکەی چۆنە سەفین دزەیی لە بارەیەوە وتی: نازانم ئەم قسەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە راستیدا لە دانیشتنی یەکەم و لەبەر چاوی کامێراکان سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیێکی گشتی باسی کوردی کرد، باسی هەرێمی کوردستانی کرد و هاوکات باسی سووریای کرد، بەڵام لەسەرەتاوە گوتی بەڕێزتان سەرۆکی کوردستانن، دیار بوو نووسراوێکیان پێدابوو کە تایتڵەکەیان بۆ نووسیبوو بەڵام هەر سەیری نەکرد و گوتی بەڕێزتان سەرۆکی کوردستانن، راستە کۆمەڵێک تایتڵ نووسراوە، بەڵام بەلای منەوە گرنگ نییە جەنابتان سەرۆکی کوردستانن.
سەفین دزەیی ئەوەشی زیاد کرد: سەرۆکی ئەمریکا کە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێکی ئاوا دەکات، بێگومان ئەگەر خۆشی زانیاریی پێویستی نەبێت، بەڵام کۆمەڵێک راوێژکاری هەن کە زانیاری پێشوەختەی پێ دەدەن. بۆیە ئەوەی لە سۆشیاڵمیدیا دەنووسرێت ئەمە چەواشەکردنە و رەنگە مەرامی دیکەی لە پشتەوە بێت، بەڵام کەشوهەوای کۆبوونەوەکە، کەشوهەوایێکی زۆر وردبوو، پرسیاری زۆر وردی دەکرد دیار بوو پێشوەخت زانیاری پێدرابوو یان خۆی بەدواداچوونی کردبوو، دیدارەکە نزیکەی نیو کاژێری خایاند، زۆر بە وردی پرسیارەکانی دەکرد لە سەر هەرێمی کوردستان و جێگە و پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە، خەڵکی کوردستان، سەروەت و سامانی کوردستان، هێزی پێشمەرگە، رێز و پێزانینی هەبوو بۆ خەڵکی کوردستان لە رووی حەواندنەوەی ئاوارەکان و پێکهاتەکان و ئایین و ئایینزاکان، هەروەها مەترسی داعش و سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوکاری ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش و بەردەوام­بوون و پاڵپشتی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە. ئەمانە هەمووی مژاری دیدارەکە بوون.
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڵێنەکانی ترەمپ سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو هێزانە بە تەلەڤزیۆنی ڕووداوی وتووە: "خۆی لێکتێگەیشتنێکی فەرمی لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو لێکتێگەیشتنە بەردەوامە و نوێش دەکرێتەوە، بەڵام خۆشی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی کوردستان، خەڵکانی بوێرن، جێگەی پێزانین، خەڵک و حکوومەتەکەی رووبەڕووی تیرۆر بوونەوە و هەمیش داڵدەی بە سەتان و هەزارن کەسیان داوە، ئەو هاوکارییەش بەردەوام دەبێت.
دەگوترێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە بانگهێشت کراوە، لە لایێکی دیکەشەوە باسی ئەوە دەکرێت کە بارزانی بڕیارە سەردانی تارانیش بکات. سەفین دزەیی لەبارەی کاتی سەردانەکەی بۆ واشەنتن و تاران وتوویەتی: ئەوە راستە کە لە سەردانەکەی مایک پێنس بۆ هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن بانگهێشتکراوە، بەڵام بڕواناکەم لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت، چوونکە لە ماوەیێکی نزیکدا کۆڕبەندی ئاسایش میونخ ئەنجام دەدرێت، کاتی سەردانەکە تاوەکوو ئێستا دیاری نەکراوە. هەروەها کاتی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تارانیش دیاری نەکراوە. لە ڕاستیدا دمێنێتەوە سەر گونجاوبوونی کات بۆ هەردوو لایەن.
Your Comment