بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری لۆمۆند دیپلۆماتیک لە لێکدانەوەیێکدا لەسەر دۆخی کوردانی سووریا دەنووسێت: ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان لە باکووری سووریا کە ڕۆژائاوای پێدەوترێت چەند ساڵە لەلایەن هێزە کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت بەڵام هێرشی تورکیا لە مانگی ئاکتەوبری 2019 بووە هۆی شڵەژانی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکووری سووریا.
ئەم گۆڤارە ئاماژە بە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە ساڵی 2018 دەکات و دەنووسێت: بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری سووریا هەر لەو کاتەوە کەوتە مەترسیەوە و درێژەی هێرشەکانی تورکیا بوو بەهۆی ئەوەی کە ئێستا سنوورەکان لەلایەن ئەو وڵاتەوە کونترۆڵ بکرێت و ئەوەش دابڕانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریای لێکەوتەوە، بۆیە هاوپەیمانێتیی سیاسی و سەربازی کوردی سووریا بەتەواوی لە مەترسیدایە.
لۆمۆند دیپلۆماتیک ئاماژە بەوە دەکات کە هاوپەیمانی کورد و عەرەبی سووریا جگە لە بەرەنگار بوونەوەی تورکیا تەعامولێکی دژواریان لەگەڵ حکوومەتی ناوندیی سووریا هەیە و هۆشدار دەدات بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە کوردەکان لە ساڵی 2013 بنەماکەیان دامەزراند زۆری لێ نەماوە.
ئەم گۆڤارە هەروەها هۆشدار دەدات شەڕی تورکیا نەک هەر بوونی کوردی سووریای خستۆتە مەترسییەوە بەڵکوو دیکەی قەوم و هۆزەکانی باکووری سووریا وەکوو عەرەب و ئاشوورەکان لەژێر هەڕەشەدان. لۆمۆند جەخت دەکاتەوە دیمۆگرافیای باکووری سووریا لە زیانی کورد خەریکە دەگۆڕدرێت.
لۆمۆند دیپلۆماتیک دۆخەکەی ئێستای ڕۆژئاوا بۆ ڕێێکەوتنە دە مادەییەکەی نێوان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ولادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دەگەڕێنێتەوە کە لە 22ی ئاکتەوبری 2019 و پاش هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکان واژۆ کرا.
ئەم گۆڤارە لە کۆتاییدا دەنووسێت: ڕێککەوتنەکەی پووتین و ئەردۆغان مانەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردکان لێکەوتەوە و هێزە کوردەکانی سووریا یا یەپەگە بەناچار لەو ناوچانە کشانەوە.
لۆمۆند دیپلۆماتیک پێش بینی دەکات کوردەکان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری سووریا لە داهاتوودا تووشی هەڕەشەی زیاتر دەبن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment