عادل عەبدولمەهدی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو کارە وڵات لاواز دەکات و بەردەوامبوونی ئەو کارە نابەرپرسانەش کاریگەری و لێکەوتەی مەترسیداری بۆسەر وڵات دەبێت و حکوومەت رێوشوێنی پێویست دژی ئەنجامدەرانی دەگرێتە بەر.

کوردپرێس:

عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند "جارێکی دیکە هێرشکردنە سەر نێردەی دیپلۆماتکارانی بیانی دووبارە بووەوە، ژمارەیێک کاتیۆشا لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتنە خوارەوە. سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەین کە لە دەرەوەی یاسایە، دەوڵەت لاواز دەکات و دەستبردنە بۆ سەروەرییەکەی و حورمەتی شاندە دیپلۆماسییەکان کە لەسەر خاکی عێراقن".

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە بڵاوببنەوە، گەڕان و پشکنین بکەن و رێگەنەدەن جارێکی دیکە ئەو هێرشانە دووبارە ببنەوە و دەڵێ "ئەنجامدەرانیشی دەستگیر دەکرێن و لەبەردەم دادگا سزای یاساییی خۆیان وەردەگرن".

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کردووە ، بەردەوامبوونی ئەو کارە نابەرپرسانە، کاریگەری و لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر وڵات دەبێت، زیان بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات و پەیوەندییەکانی بە دۆستەکانی دەگەیێنێت، عێراق دەخزێنێتەوە نێو گۆڕەپانی جەنگ، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکوومەت دەستی کردووە بە رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان.

فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێ "حکوومەت دووپاتی دەکاتەوە پابەندە بە پاراستنی سەرجەم شاند و نێردە دیپلۆماسییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بەپێی یاسا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26-1-2020 پێنج مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سیان لە مووشەکەکان کەوتوونەتە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

News Code 157319

Your Comment

You are replying to: .
captcha