٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٠ - ١٧:٣١
سیمای نوێی کۆڵبەری لە پێتەختی ئێران

بەشی ڕاپۆرت- ژمارەیێک لە کوردەکان ڕوویان کردۆتە تارانی پێتەختی ئێران و ڕۆژانە بە کاری موسافیرگواستنەوە یان کرێکاری خەریکن و شەوانەش لە ئوتومبیلەکەیاندا دەنون. ئەمەش سیمایێکی دیکەی دیاردەی کۆڵبەرییە کە بەرەو پێتەخت کشاوە لەوێ بۆ دیاردەیێکی نەخوازراوتر گۆڕدراوە.

کوردپرێس:

ماڵپەڕی ئیرنای ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا باسی دیاردەیێک دەکات کە زیاتر لە خەسارێکی کۆمەڵایەتی دەچێت. ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد و ئازەریی ئێران لە پارێزگای ورمێ و کوردستان کە پێشتر بژی و مەمرە لە مەرزەکانەوە بە کۆڵبەری دەژیان ئێستا ڕوویان کردۆتە تارانی پێتەخت و ڕۆژانە بە کاری موسافیرگواستنەوە خەریکن و شەوانەش لە ئوتومبیلەکەی خۆیاندا لە سەر شەقامەکان ڕۆژ دەکەنەوە.

بەشێکی ئەم هاووڵاتییانە خەڵکی شارە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێن کە پێشتر کاری کۆڵبەرییان کردووە بەڵام لەو کاتەوە دیواری سنووری نێوان ئێران و تورکیا ڕاکێشراوە ئەو هاووڵاتییانە بێکار بوون. دیوارە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بە درێژیی 150 کیلۆمەتر دروست دەکرێت و ئێستا 70 کیلۆمەتری ئەو دیوارە چێ کراوە ئەوەش لە کۆی 500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی نێوان تورکیا و ئێران. مەبەستی دەوڵەتی تورکیا لە ڕاکێشانی ئەو دیوارە ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە چوونەژوورەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ خاکی تورکیا و ئێرانیش ملی بەو داواکارییەی دەوڵەتی تورکیا داوە.

بەشێک لەو هاووڵاتییانە دەڵێن پێش ئەوەی دیوارە سنوورییەکە ڕابکێشرێت ئەوان بە کاری فەلایی و جووتیاری سەرقاڵ بوون. نیوەی زەویوزارەکانیان لە خاکی ئێران و نیوی دیکە لە خاکی تورکیایە. کە دیوارەکە ڕاکێشرا نیوەی زەوییەکانیان کەوتە دیوی تورکیا و لە دەستیان دەرچوو و ئیتر توانای کاری فەلایییان نەما.

بەشێکی دیکەی هاووڵاتییان دەڵێن ئەوان زەوییەکانیان بێ ئاوە و لەبەر وشکەساڵی و بێ ئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵ ناچار بوون ڕوو بکەنە غەریبایەتی و ماڵ و حاڵ و ژن و منداڵی خۆیان بە جێ بهێڵن.

بەشێکی دیکەی ئەو هاووڵاتییانەی لە تاران دەستیان بە موسافیرگوێزانەوە کردووە هاووڵاتیی دیکەی پارێزگاکانی سەرسنوورن بەتایبەتی پارێزگای کوردستان.

مەترسییەکانی کۆڵبەری و ئەو ڕێگا سەختەی هەڕەشە لە گیانی کۆڵبەران دەکات و هەروەهاش نەبوونی داهاتی ئەوتۆ وای کردووە هاووڵاتییان ماڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بۆ کرێکاری یان خۆ بۆ موسافیرهەڵگرتن ڕوو بکەنە شارە گەورەکان و بەتایبەتیش تاران. ئەمەش لە هەردوو سەرەوە خەسارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ناوخێزان دروست دەکات.

ئەوەی ماڵپەڕی ئیرنا ئێستا لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی کردووە ساڵانێکی دوورە لە کوردستان و شارە کوردنشینەکانی ئێران ڕوودەدات و تا ئەم کاتەش لە هیچ میدیا و ڕۆژنامە و کەناڵێکی ڕاگەیاندن باسی لە سەر نەکراوە ئەگەرچی وەک دیاردە و خەسارێکی کۆمەڵایەتی شایانی ئەوەیە خوێندنەوەی قووڵی بۆ بکرێت و وردبوونەوەی کارناسانەی لەسەر بکرێت. لە هەموو ماڵە فەقیرێکی کوردەواردیدا دەستەواژەی "شیرکەت" شتێکی ناسراوە و ناشێت ماڵە کوردێکی مامناوەند بەرەوخوار ببێت کە نەزانێت "شیرکەت و شیرکەت چوون" چیە. زۆر سەرپەرشتیار و نانهێنەری ماڵ ناچارن ژن و منداڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە شاران و وڵاتانی تر بکەن بۆ کرێکاری کردن لە کۆمپانیاکان و بە مانگ و دوو مانگ چاویان بە بنەماڵەیان ناکەوێت. ئێستا دیاردەکە تۆزێک گۆڕاوە و ناهێنەرانی ماڵ لەجیاتیی بەندەر و ئاواز و تاران ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و بەبۆنەی جیاوازیی بەرچاوی نرخی دۆلار و دینار بەرانبەر بە تمەن، هاووڵاتییانی کوردی ئێران بۆ کرێکاری و کاری خزمەتگوزاری ڕوو لە هەرێم دەکەن.

هۆکاری سەرەکیی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە نەبوونی هەلی کار و نەبوونی کارگە و کارخانەی بەرهەمهێنان و بەگشتی دواکەوتووییی پارێزگا بێبەشەکان لەباری پیشەیی و تەکنیکییە. لە نێو ئەو هاووڵاتییانەدا کە ناچار دەبن بنەماڵەی خۆیان بەجێ بهێڵن و دووی نانێک لەو شارانە بکەون زۆر کەس هەن کە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگاکانن و لەبەر بێکاری و نەبوونی دامەزراندنەکان ناچار، پووشی دامەزرانیان هەڵخستووە و ملی ڕێگایان گرتووە بەدوای پاروو نانێکدا.

ئەو هاووڵاتییانە دەڵێن ئەگەر لە شارەکەی خۆیاندا ڕۆژانە 30 بۆ 40 هەزار تمەن (واتا ڕۆژانە 2 بۆ 3 دۆلار!! واتا مانگانە کەمتر لە 100 دۆلار یان یەک وەرەقە!!!) داهاتیان دەست کەوێت هەرگیز ئەو تۆزی غەریبییە قبووڵ ناکەن و پێیان خۆشە لە نێو ژن و منداڵ و خێزانی خۆیاندا کەم بخۆن و کز بنیشن؛ بەڵام نەبوونی هەلی کار و نەبوونی داهاتی پێویست بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان وا دەکات ئەم دیاردەیە ئێستا بەشێوەیێکی بەرچاوتر خۆ بنوێنێت.

News Code 157315

Your Comment

You are replying to: .
captcha