ترەمپ و پووتین کوردیان قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کرد

بەشی جیهان- مەزڵووم کۆبانی بڕوای وایە سەرۆکانی ئەمەریکا و ڕووسیا فیداکاریی کوردەکانیان لە شەڕی دژبە داعشدا قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان کرد و دەستی ئەردۆغانیان بۆ ئەوەی بیەوێت کراوە هێشتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانێ فەرماندە کوردەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات SDF لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر وەڵامی چەندین پرسیاری لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا، پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمەریکا، پەیوەندیی نێوان لایەنە جیاوازەکانی کورد لە سووریا و شەڕی داعشی؛ دایەوە.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نێوان هێزەکانی کوردستانی سووریا دەستیپێکردووە و رامانگەیاندووە: "دەبێت نوێنەری هەموو پارتە سیاسییە کوردەکانی سووریا لەنێو هەسەدەدا هەبێت. نابێت پەیەدە تەنیا پارت بێت کە نوێنەرایەتیی کورد لە دانووستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق بکات. ئێمە لەسەر ئەم بنچینەیە لەگەڵ هەموو پارتەکان کۆبووینەوە و هەموویشیان، لەوانەش ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، رایانگەیاند کە ئامادەن و هیچ کەسێک رەتی نەکردەوە".

مەزلووم کۆبانی وتیشی، هێرشی توركیا بۆ سەر كوردستانی سووریا زیانێكی گەورەی لە گەلی ئێمە داوە، توركیا بەشێكی سووریای داگیركرد، گرووپە تیرۆریستیەكانی لە دژی گەلی ئێمە هێنایە ناوچەكە، ئەو هێرشانەی توركیا كاردانەوە و ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری گەلی كوردی سووریای كرد، لەناو كۆنگرێسی ئەمریكای پشتیوانی ئێمە كرا. دەبێت توركیا راستگۆ بێت، ئێمە ئامادەین گفتوگۆین.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات راشیگەیاند، لەئێستادا رووسیا رۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكە دەگێڕێت، رووسیا هەوڵ دەدات لەرێگەی گفتوگۆیوە ئێمە و حکوومەتی ناوەندیی سووریا بگەینە رێككەوتن، ئێستا ئێمە هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆ رێكخستنی هێزە كوردیەكانی کوردستانی سووریا دەست پێکردووە.

مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات راشیگەیاند، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد داوای هەندێک رێکاری تایبەت بە دروست کردنی متمانەی کرد و ئێمەش بەو جۆرەمان کرد. ئەوان داوایان کرد ئازادانە کاری خۆیان لە کوردستان بکەن و ئێستا دەتوانن. داواشیان کرد هەموو زیندانییەکان ئازاد بکەین و ئێمەش ئەو کارەمان کرد. ئەو بابەتەی کە ماوە پەیوەندی بە کەسانی بێسەروشوێنەوە هەیە. ئەمە شتێکی نوێ نییە. لەو کاتەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرمان و هەسەدە دروست کراون، کەس بێسەروشوێن نەکراوە.

ناوبراو زیادی کرد ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی هەزاران کەسی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی وڵات دیارنەماون. لە ساڵی 2014ـەوە تەنیا یەک ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دیارنەماوە و ئەوانەشمان دۆزیوونەتەوە کە بەرپرس بوون لە دیارنەمانی و لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین.

مەزڵووم کۆبانێ گوتیشی "بیرت نەچێت لە رابردوودا سێ رێککەوتنمان لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد واژۆ کرد، ئەوەش بە نێوەندگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بەڵام هیچکات جێبەجێنەکران). ئەو بابەتەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد باسی دەکات پێش بوونی ئێمەیە و هەربۆیە ئاستەنگ لەبەردەم رێککەوتنی نوێ دروستناکەن.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە دەڵێت، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە گرووپی جیاواز پێکدێت و گوتی، ئەوانەی لە دەرەوەن، بەتایبەتی لە تورکیا دژی رێککەوتنی نوێن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەک رابردوو رۆڵێکی ئەرێنی لەم بوارەدا بگێڕێت؟ مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت، پێموایە بەو جۆرەیە، بەتایبەتی برام (نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان). لەبارەی ئەمە قسەم لەگەڵ کرد و رازی بوو کە یارمەتیدەر بێت. برام (مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەندێک قسەی ئەرێنی لەم بوارەوە کردووە.

مەزڵووم کۆبانێ ئاماژە بەوە دەکات کە بەم زووانە کۆنفرانسێک لەبارەی یەکێتیی کوردستانی سووریا دەبەستن.

ناوبراو هەروەها لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت: سەرۆکانی ئەمەریکا و ڕووسیا فیداکاریی کوردەکانیان لە شەڕی دژبە داعشدا قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان کرد و دەستی ئەردۆغانیان بۆ ئەوەی بیەوێت کراوە هێشتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157284

Your Comment

You are replying to: .
captcha