ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک داواكارییێک ئاڕاسته‌ی عێراق ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ڕه‌وانه‌كردنی نه‌وتی ئه‌و شاره‌ بۆ ئێران ئاشكرا ده‌كات و بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: زانیاریمان له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ نییه ‌و تا ئێستاش هیچ خێر و بێرێكمان لێی نه‌بینیوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی 17ی حوزه‌یران یه‌كه‌م قۆناغی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک بۆ ئێران ده‌ستی پێكرد كه‌ بڕه‌كه‌ی 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بوووه‌ و له ‌قۆناغی داهاتووشدا بڕیاره‌ بڕه‌كه‌ی بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا زیاد بكرێت.

ئه‌ڵماس فازڵ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک به‌وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت: پێشتر داوامان كردبوو نه‌وتی که‌رکووک هه‌نارده‌ی ئێران بكرێت به‌ڵام له ‌ئێستادا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌وامی تێدا ناكرێت و وه‌ک نیمچه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ وایه‌، بۆیه‌ هیچ زانیارییێكمان له‌سه‌ر ورده‌كاریی هه‌رناده‌كردنه‌كه‌ نییه‌ و ئه‌و كاره‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌كرێت.

ناوبراو وتیشی: "له ‌ماوه‌كانی ڕابردوودا زانیاریی فه‌رمی له‌باره‌ی هه‌نارده ‌كردنی نه‌وت و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كراون ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌ن نه‌كراوه به‌ڵكوو ئه‌نجومه‌نی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خۆیان به‌دواداچوونیان كردوووه‌ و به‌ نووسراوی فه‌رمیش داوای هه‌ماهه‌نگی و پێدانی پترۆدۆلار و گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی كه‌ركووکمان له‌ به‌غدا كردوووه‌."

ئه‌ڵماس فازڵ ده‌ڵێت: "هه‌ر که‌سێک نه‌وتی که‌رکووک هه‌نارده‌ی ده‌كات یان گرێبه‌ستی له‌سه‌ر ده‌كات به‌داخه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی به‌ڵكوو ته‌نیا خه‌م و خه‌فه‌ته‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی شاری كه‌ركووكه‌ و ئێمه‌ هیچ خێر و بێرێكی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووكمان نه‌بینیوه و ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بێت ده‌ستخۆشی ده‌كه‌ین به ‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پاره‌ی پترۆدۆلارمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15728

Your Comment

You are replying to: .
captcha