بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەیوید شنکر، پاڵێوراوی پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایگەیاند: دەوڵەتی ترەمپ بەنیازە هێزەکانی لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان بکشێنێتەوە بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکردووە.
ناوبراو وتی ئێستە ئێمە ژمارەیێک هێزمان لە سووریا هەیە کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک شەڕی داعش دەکەن. ئەوان هەروەها ڕاهێنان بە هێزە خۆجێییەکان دەکەن کە داعشی ژمارە 2 سەرهەڵنەدات.
شنکر وتیشی: ئامادەبوونی ئەمریکا لە سووریا دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەبارەی داهاتووی سووریا چڕ دەکاتەوە.
جیمز ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند: سەرەڕای شکست هێنانی داعش ئەمریکا لە سووریا ناکشێتەوە، چوونکە ئەو وڵاتە بەنیازە یارمەتی ئەنجومەنی ئیدارەی خۆجێیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بدات تاکوو ئاسایشی ئەو ناوچە دابین بکرێت.
ئەمریکا 2000 هێزی سەربازی لە سووریا هەیە، بەڵام چەند مانگ پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ لە وتەیێکی چاوەڕواننەکراودا وتی بە زووترین کات هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکشێنەوە. ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکیی هێزە کوردەکانی سووریا دێتە ئەژمار و چەند بنکەی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا چێکردووە.
سەرچاوە: کەناڵی تەلەفیزیۆنیی سی سپان-ی ئەمریکا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment