ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی توركیا له ‌مه‌نبه‌ج باسی ده‌كات ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ھه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ داگیر کردنی کانتۆنه‌کانی دیکه‌ی سووریا به‌رده‌وامه ‌و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و کانتۆنانه‌ش له‌ ھه‌رێم ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ ھیچ مه‌ترسییێک له‌سه‌ر سووریا ھه‌بێت و ڕاشی‌ده‌گه‌یێنێت "سووریا له ‌ژێر ھه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکادایه و ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی توركیا له ‌مه‌نبه‌ج باسی ده‌كات ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێری ڕابردوودا وه‌زیری به‌رگریی توركیا دوو جار هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش كردنه ‌سه‌ر كانتۆنه‌كانی سووریای كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا له‌ داهاتوویێكی نزیكدا جارێكی دیكه‌ له‌باره‌ی ڕێكکه‌وتنی (مه‌نبه‌ج)ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كۆ ده‌بنه‌وه‌.

فه‌تحوڵڵا حوسێنی ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تی كانتۆنه‌كانی سووریا له ‌هه‌رێم ڕه‌تی كرده‌وه‌ هیچ مه‌ترسییێک له‌سه‌ر كانتۆنه‌كانی سووریا هه‌بێت و به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی توركیا له ‌مه‌نبه‌ج باسی ده‌كات به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ و ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌".

ناوبراو ئاشكراشی كرد ڕۆژانه‌ ئه‌مریكا جبه‌خانه‌ و چه‌كی قورس ڕاده‌ستی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ ده‌كات و هه‌ماهه‌نگیی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ به‌رده‌وامه‌ "ئیتر ئه‌مریكا چۆن دژی یه‌په‌گه‌ ڕێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات".

به‌ وته‌ی ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كانتۆنه‌كانی سووریا له‌ هه‌رێم "خاكی سووریا به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا و ڕووسیا دابه‌ش بوووه ‌و ئێستاش سووریا له ‌ژێر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكادایه‌".

حوسێنی سه‌باره‌ت به ‌ئه‌گه‌ری هێرشی سوپای توركیا بۆ كانتۆنه‌كانی دیكه‌ی سووریا دوای عه‌فرین وتی: "خاوه‌نی هێزی سه‌ربازیی خۆماڵی خۆمانین و ئاماده‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی توركیا و متمانه‌ی ته‌واومان به‌ خۆمان هه‌یه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15558

Your Comment

You are replying to: .
captcha