ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان ژماره‌ی کورسییه‌کان ده‌گۆڕێت و پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێیش دوا ده‌که‌وێت

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- زانا سه‌عید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان به‌ ئه‌نجامی هه‌وڵێک ده‌زانێت که‌ کۆتایی به‌ قه‌یرانی سیاسیی عێراق ده‌هێنێت و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ن یان که‌سێک ڕێگر بێت له‌ جێبه‌جێ کردنی بڕیاره‌که‌ عێراق ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی سیاسی- ئه‌منیی نوێ ده‌بێته‌وه‌.

کوردپرێس: په‌رله‌مانی عێراق له‌ دوایین دانیشتنی خۆیدا که‌ چوارشه‌ممه‌ 6ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌چوو کۆمیسیۆنی پێبه‌ند کرد به‌ دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ هه‌موو عێراق و بڕیاری دا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران بگۆڕێت به‌و پێیه‌ش 9 دادوه‌ر له‌ جێی 9 سه‌رۆکی کۆمیسیۆن دانران و یاساکه‌ی په‌رله‌مانیش ململانێی زۆری له‌ نێوان حیزب و لایه‌نه‌ براوه‌ و دۆڕاوه‌کانی هه‌ڵبژاردن دروست کرد و قه‌یرانی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی خسته‌ قۆناغێکی نوێوه‌. بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مان سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناڕازی بوون له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌ڵام ئه‌مه‌ کۆتاییی بابه‌ته‌که‌ نییه‌ چوونکه‌ که‌شی سیاسیی عێراق و تێڕوانینی لایه‌نه‌ براوه‌کان وای کردوووه‌ نیگه‌رانیی چاودێرانی سیاسیی عێراق له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی قه‌یرانی سیاسی و ئه‌منی دووقات ببێته‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌دواداچوونی کردوووه‌ و له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مان ڕای زانا سه‌عید ڕۆستایی ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراقی وه‌رگرتوووه‌ که‌ له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستانه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: هه‌ڵسه‌نگاندنتان به‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان که‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژمار کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ هه‌موو عێراق درا چییه‌؟

زانا سه‌عید: بێگومان په‌رله‌مانی عێراق قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی یه‌کلا کرده‌وه‌ که‌ عێراق تێی که‌وتبوو ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن دروست بووبوو و کێشه‌یێکی سیاسیی گه‌وره‌ دروست بووبوو و ڕێککه‌وتن به‌ سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تیش زه‌حمه‌ت بوو. په‌رله‌مان بڕیاری دا سه‌رله‌نوێ ده‌نگه‌کان هه‌ژمار بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێوان لایه‌نه‌کان و هه‌روه‌ها گومانه‌کانی ساخته‌کاریش ببڕێته‌وه‌ و ئه‌نجامی ڕاسته‌قینه‌ ده‌رده‌که‌وێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌رپرس بوونه‌ ڕووبه‌ڕووی یاسا بکرێنه‌وه‌ بۆیه‌ بڕیاره‌که‌ بڕیارێکی مێژوویییه‌ بۆ ده‌رباز کردنی عێراق له‌م قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی تێی که‌وتوووه‌.

کوردپرێس: هه‌ندێک لایه‌ن و به‌ تایبه‌ت دوو لایه‌نی کوردستانی بایکۆتی دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مانیان کرد و ئه‌م بڕیاره و ته‌نانه‌ت دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مانیش‌ به‌ نایاسایی ده‌زانن. ڕای ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

زانا سه‌عید: ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌که‌ به‌ نایاسایی ده‌زانێت ده‌توانێت بچێته‌ به‌رده‌م دادگای فیدڕاڵی له‌ به‌غدا و دادگه‌ی فیدڕاڵی جوابی بداته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان هه‌تا 30ی ئه‌م مانگه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ بۆ یاسادانان و بڕیاردان. کۆبوونه‌وه‌که‌شمان ژماره‌ی یاساییی تێپه‌ڕاندبوو و زیاتر له‌ 173 ئه‌ندام ئاماده‌ بوون. به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان کارمان کردوووه‌ و هیچ بڕیارێکی نایاسایی له‌ کاره‌که‌ماندا نییه‌.

کوردپرێس: پێشبینیی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌م بڕیاره‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌؟ ئایا له‌مپه‌رێک له‌ به‌رانبه‌ریدا نییه‌؟

زانا سه‌عید: یاساکان که‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت جێبه‌جێ کردنی له‌سه‌ر حکوومه‌ت، دادگاکان، کۆمیسیۆن و هه‌موو که‌سه‌کانیشه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێکیش کێشه‌یێکی هه‌بێت ده‌توانێت له‌ دادگای فیدڕاڵی تانه‌ له‌ یاساکان بدات به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێت هۆی وه‌ستانی یاساکه‌.

کوردپرێس: وه‌کوو لایه‌نه‌که‌ی به‌ڕێزتان که‌ ناڕازی بوون له‌ ئه‌نجامه‌کان تا چه‌ند پێشبینی ده‌که‌ن که‌ گۆڕانکاری له‌ ده‌نگ و ژماره‌ی کورسییه‌کان به‌دی بێت؟ به‌ سه‌ره‌نجدان به‌وه‌ی که‌ ماوه‌یێکی زۆر له‌ ده‌نگدانه‌که‌ تێپه‌ڕیوه‌ و هه‌ندێک لایه‌ن ده‌ڵێن ده‌ستکاریی ده‌نگه‌کانیش کراوه‌.

زانا سه‌عید: به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌ کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق وه‌رمانگرتوووه‌ و ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌رکه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی تێیدایه‌ ئێمه‌ دڵنیاین که‌ ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بکرێته‌وه‌ ئه‌نجامه‌کان گۆڕانکاریی زۆریان تێدا ده‌بێت و ئێمه‌ به‌شێکی زۆر له‌ ده‌نگه‌کانمان وه‌رئه‌گرینه‌وه‌ و هه‌ر لایه‌نێکیش هه‌وڵ بدات ده‌ستکاریی وه‌ره‌قی نێو سندۆقه‌کان بکات ئه‌وا ئاشکرا ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ یاساکه‌دا ماده‌ی وا دانراوه‌ که‌ که‌س ناتوانێت گۆڕان له‌ سندۆقه‌کان بکات.

کوردپرێس: له‌ هه‌رێمی کوردستان دوو لایه‌نی پارتی و یه‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییان هه‌یه‌، له‌ عێراقیشدا ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌رکه‌وتوو بوون هه‌موویان باڵی سه‌ربازییان هه‌یه‌ به‌ ڕای ئێوه‌ تێکچوونی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ که‌ به‌ زه‌ره‌ری ئه‌وان ده‌شکێته‌وه‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌ داهاتوودا به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ناکاته‌وه‌؟

زانا سه‌عید: له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ هێزی سه‌ربازییان هه‌یه‌ به‌پێی یاسا ڕێگه‌یان پێ نه‌دراوه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێکی سیاسی نابێت هێزی سه‌ربازیی هه‌بێت به‌ڵکوو ده‌بێت ده‌وڵه‌ت هێزی سه‌ربازیی هه‌بێت بۆیه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ زیاترین ساخته‌کارییان کردوووه‌ و به‌ خراپی سوودیان له‌ داموده‌زگای حکوومه‌ت و هێزی سه‌ربازی وه‌رگرتوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێنن پێچه‌وانه‌ی واقیع و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌یه‌وێت بۆیه‌ جێبه‌جێ کردنی یاسای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان نیگه‌رانیی زۆر له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌کان دروست ده‌کات و ئه‌گه‌ر ڕێگری بکه‌ن له‌ جێبه‌جێ کردنی یاساکه‌ بێگومان عێراق به‌ره‌وڕووی قه‌یرانێکی سیاسی و ئه‌منی ده‌بێته‌وه‌.

کوردپرێس: له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌م بڕیاره‌ و جێبه‌جێ بوونی یاساکه‌ ئاینده‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق چۆن ده‌بینن؟

زانا سه‌عید: بێگومان پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ زۆر دوا ده‌که‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان لانی‌که‌م پێویستی به‌ 20 ڕۆژ هه‌تا 30 ڕۆژ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ت دوا بکه‌وێت. هه‌روه‌هاش کێشه‌ی گۆڕانکاریی ژماره‌ی کورسییه‌کان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت بۆیه‌ گۆڕان له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوان براوه‌کانی هه‌ڵبژاردنیشدا ده‌بێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15302

Your Comment

You are replying to: .
captcha