ڤلادیمێر پووتین: پرۆژەکانمان لە هەرێمی کوردستان شەرعین و متمانەیان هەیە

بەشی جیهان- ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند، سەرجەم پرۆژەکانی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان شەرعین و متمانەیان هەیە و ئامانج لێیان پشتیوانیکردن نییە لە ململانێ ناوخۆییەکان.

کوردپرێس:

سەرۆکی ڕووسیا لەمیانەی گفتوگۆی ساڵانەی کە لەڕێگەی بەرنامەیێکی تەلەفزیۆنی ڕووسیا بە شێوەیێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا گفتوگۆ دەکات و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە، دەربارەی پرسیارێک سەبارەت بە ئاسۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی هاریکاری بواری گازی سروشتی نێوان کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕووسی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا، ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، سەرجەم پرۆژەکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کە ئەنجام دەدرێت، پرۆژەی شەرعین و متمانەپێکراون، بە هیچ شێوەیێک ئامانج لێیان پشتیوانیکردن نییە لە ململانێ ناوخۆییەکان، بەڵکوو ئامانج لێیان گەشەپێدانی پەیوەندییە بە شێوەیێکی سروشتی.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی ڕووسیا ستایشی گەلی کوردی کرد بۆ پاراستنی مافەکان و لەوبارەیەوە جەختی کردەوە "لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا پشتیوانی لە پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ هەریەکە لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغدا و حکوومەتی هەرێم لە هەولێر".

لە کۆتاییی وتەکانیدا ڤلادیمێر پوتین هیوای خواست بە هاوکاریی ڕووسیا، سەرجەم پرۆژەکان لە عێراقدا جێبەجێ بکرێن.

ئەو وتانەی سەرۆکی ڕووسیا لەکاتێکدایە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا کۆمپانیای ڕوسنەفی ڕووسی لە بواری دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد.

بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ڕووسیا بەتایبەت لە بواری ووزەدا مانگی ڕابردوو شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کۆ بووەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15269

Your Comment

You are replying to: .
captcha