بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەرتەشی تورکیا هاوکات لەگەڵ هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە سووریا کە کانوونی دووهەمی 2018 بەرە بەرە هێرشی کردە سەر ناوچەی باکووری عێراق کە هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانەدا جێگیرن.
ئەرتەشی تورکیا بەردەوام بۆردومانی ئاسمانیی ئەو ناوچەیە دەکرد و تا قووڵایی 30 کیلۆمەتریی لە ناوخاکی عێراق پێشڕەوی کرد.
نەعیم ئۆغڵۆ، پلەداری خانەنشین کراوی ئەرتەشی تورکیا لەبارەی ئامانجەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە هەواڵدەریی شین هۆوای وتووە: هێرشەکانی تورکیا ناوەندی سەرەکی پەکەکە-ی لە کوێستانی قەندیل کردۆتە ئامانج.
ناوبراو زیادی دەکات: تورکیا بەبۆنەی کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی پەکەکە لە ناو خاکی خۆی ئەو ستراتێژییە دەباتە پێشەوە و دەیهەوێت بنکە لۆجستیکییەکانی پەکەکە لە چیاکانی باکووری هەولێر لە هەرێمی کوردستان لەناو بەرێت و پێوەندیی ئەوان لەگەڵ کوردانی سووریا و ناوخۆی تورکیا بپچڕێنێت.
ئەو پلەدارەی ئەرتەشی تورکیا کە ئێستا وەکوو کارناسی بواری ئەمنییەت لە زانستگای ئایدینی تورکیایە، دەڵێت: ئەرتەشی تورکیا بە قووڵایی 25 کیلۆمەتر لە باکووری عێراق پێشڕەوی کردووە و دەستی بەسەر چیا ستراتێژیکەکانی خواکورکدا گرتووە. ئەرتەشی تورکیا بەنیازە کرۆیدۆری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە سووریا تا قەندیل بپچڕێنێت.
نەعیم ئۆغڵۆ زیادی دەکات: تورکیا ئێستاکە 11ی کەمپی سەربازیی لە نزیکیی چیای قەندیل دروست کردووە و لە قۆناغی دووهەمدا دەیهەوێت سەرچاوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پەکەکە لەو ناوچە ستراتێژیکەدا لەناو بەرێت.
بەڵام بیلجی دومان، کارناسی پرسی عێراق لە توێژینگەی ئورسام لەو باوڕەدایە بە بۆنەی تایبەتمەندییە جوگرافیاییەکانی چیای قەندیلەوە ئەرتەشی تورکیا ناتوانێت وەکوو ئەوەی کە لە عەفرین ئەنجامی دا پێشڕەوی بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment