ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەی سنووری باشماخ ئاشکرا دەکرێت

بەشی کوردستان- بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە لە لێدوانێکدا ڕێژەی هەناردە کردنی کاڵا لە دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەندەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکە تا ڕادەیێکی بەرچاو بەرز بۆتەوە و زیاتر لە 50 لە سەد هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەختیار ڕەحمانی پوور بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کوردستان لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی وتووەکۆی 373 هەزار تەن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە دەروازەکانی پارێزگای کوردستانەوە هەناردە کراوە کە بایەخەکەی دەگاتە بڕی 198 ملوێن دۆلار و ئەوەش لە چاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی پار بەپێی کێش 86 لە سەد و بەپێی بایەخیش 52 لە سەد هەڵکشانی بە خۆوە دیوە.

بەختیار ڕەحمانی پوور زیادی کرد: ساڵی پێشوو لە هەمان ماوەی دوو مانگدا 201 هەزار تەن کاڵا هەناردە کرابوو کە بایەخەکەی دەگەشتە 130 ملوێن دۆلار.

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کوردستان پێشبینیی ئەوەشی کرد تا کۆتایی ئەمساڵ کۆی ڕێژەی کاڵای هەناردەکراو لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بگاتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.

ناوبراو تیشکی خستە سەر گرینگیی دەروازەی سنووری باشماخ و وتیشی 85 لە سەدی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی باشماخوە ئەنجام دەبێت و دوو مانگی ڕابردوو ئەو مەرزی باشماخ پلەی یازدەهەمی تۆمار کردووە لە نێو سەرجەم دەروازە سنووریەکانی ئێراندا.

ڕەحمانی پوور جۆری بەرهەمی هەناردەکراویشی خستە ڕوو و وتی بەرهەمە بەروبووم و بەرهەمی کشتوکاڵ بووە.

ناوبراو سەبارەت بە هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی باشماخەوە ئاشکرای کرد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو ساڵی تازەی هەتاویدا 48 هەزار و 227 کەس هاتوونەتە ژوورەوە و 49 هەزار و 97 گەشتیاریش لە دەروازەی باشماخەوە چوونەتە هەرێمی کوردستان.

دەروازی سنووری باشماخ کەوتۆتە شاری مەریوان لە پارێزگای کوردستان و یەکێکە لە دەروازە فەرمییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و ساڵانە ڕێژەی پێوانەیی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری نێوان ئێران و هەرێم تۆمار دەکات.

مەرزی سەیرانبەندیش دەکەوێتە شاری بانە و پلەی دووهەمی هەیە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیارانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سنە.

News Code 14879

Your Comment

You are replying to: .
captcha