بهپێی ههواڵی کوردپرێس، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پشکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کوردە و لە ناو کوردیشدا بۆ پارتییە، بۆیە ئەگەر پارتی ئەو پۆستەی خۆی وەر بگرێ یان وەرنەگرێت و بیداتە کوردێک یان عەرەبێک، ئەوا دەبێ بە پێی ڕێککەوتن بێت“.
لەبارەی ئەو قسانەی کە لایەنی یەکێتی بۆ پشکی سەرۆک کۆمار دەیکەن و بە پشکی خۆیانی دەزانن، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەی خستە ڕوو، بە پێی عورف لە ھەموو وڵاتانی دونیا، لیستی براوە بڕیار دەدات، کێ ئەو پۆستە وەردەگرێ یان وەری ناگرێ، بەڵام ”لە ماوەی ڕابردوو نوێنەرانی یەکێتی ئەدایێکی باشیان نەبوووە، بەتایبەت لە خولی فوئاد مەعسوومدا ھەر ھیچ نەبوووە“.
ئاشکراشی کرد کە جاری پێشتر یەکێتی پۆستەکانی لە ھەرێمی کوردستان و بەغداش بەهۆی پارتی وەرگرت، بەڵام ”دواتر خۆی و نوێنەرەکانی گەلەکۆمەکییان لە پارتی کرد لە ھەموو ئەمانەشدا یەکێتی سەرقافڵەی ئەوە بوو کە چۆن دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە“. گوتیشی: ”ئەگەر سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتیی خۆی بکردایە، ئەوا دەبووایە بە پێی ئەو دەستوورەی عێراق کە ھەیە، ئێستا حەیدەر عەبادی، نووری مالیکی، ئیبراھیم جەعفەری ڕاپێچی دادگا بکردایە، چونگە ٥٥ مادەی دەستوورییان پێشێل کردوووە“.
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، بۆ (باسنیوز)، ئاماژەی بەوەش دا: ”سەرۆک کۆمار، بۆ خۆی لێی پاڵداوەتەوە و مانگانە چەند ملیۆن دۆلار مووچە و ئیمتیازات وەردەگرێت، ٤ بۆ ٥ ھەزار پاسەوانی ھەبوووە، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانی خۆی ڕفێنرا، نەیتوانی ئازادی بکات، ئەمە ئەدای نوێنەری یەکێتی بوو“.
جەختی لەوەش کردەوە، کە دەبێ نوێنەرێک لە بەغدا بێت، کە ئیمانی بە سەربەخۆییی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستان ھەبێ و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات، گوتیشی: ”ئەگەر نا ئێمە چیمان داوە لەوەی کە سەرۆک کۆمار کورد بێ و مافی کورد پێشێل بکرێت، باشە ئەو کاتە لەگەڵ عەرەب و تورکێک جیاوازی چییە؟، ئەگەر تورک و عەرەب بێ، ئەوکاتە ئەڵێین ئەوانە دوژمنن، دەنا کوردێ سەرۆک کۆمار بێ، یان پۆستی وەزیر بێ، بەس بۆ کەسەکە خۆی باشە کە مووچە وەردەگرێ، بۆ کوردستان سوودی چی بوووە؟، مووچەمان بڕا ھیچی پێ نەکرا، لەشکرکێشی کرایە سەرمان ھیچ کاردانەوەی نەبوو، مادەی ١٤٠یان جێبەجێ نەکرد، ھیچ نەبوو، ئیمتیازاتی پێشمەرگە کە ھێزێکی دەستوورییە نەدرا، ھیچی نەکرد“.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment