٢٦ ئایار ٢٠١٨ - ٠٩:٢٥
پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموكرات بڕیاری كۆتایی لەبارەی گەڕانەوە بۆ كەركووک دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەكانی دەكات لەگەڵ لایەنە شیعەكان، بەرپرسێكی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: دەبێ كورد بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا بكات".

محەمەد كەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر فراكسیۆنی پارتی، لەو بارەیەوە رایگەیاند: لەدوای دروستبوونی تەوافوق و سازان لەنێوان پارتی و لایەنە عەرەبییەكان لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عیراق، (99%) پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەش دەكات.

لەبارەی كۆبوونەوەی وەفدە باڵاكەی پارتیش لە بەغدا لەگەڵ هادی عامری سەركردەی باڵای حەشدی شەعبی، محەمەد كەمال وتی:" كۆبوونەوەمان لەگەڵ عامری وەكوو سەركردەی حەشدی شەعبی نەبووە، بەڵكوو وەك سەرۆكی لیستێكی سیاسی بووە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق، بۆیە ئێستاش مەرجی گەڕانەوەمان بۆ كەركووك بریتییە لە پاشەكشەی حەشدی شەعبی لە شارەكە".

بەوتەی بەرپرسەكەی پارتی، دەبێت كورد بە یەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بكات، چوونكە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و بە كەمبوونەوەی كورسییەكانی كورد، پۆستە گرنگەكانی وەكوو پارێزگارمان لەدەست دەچێت.

ناوبراو وتیشی:" لایەنەكانی تریش (گۆڕان، هاوپەیمانی و كۆمەڵ) بە تەنها ناتوانن لەكەركووك سەركەوتوو بن، بۆیە باشتر وایە بێنە ناو لیستی هاوبەشی كورد".

News Code 14689

Your Comment

You are replying to: .
captcha