به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوو حه‌وته پێش ئێستا تێرزا مه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له له‌نده‌ن کۆ بوویه‌وه و له‌و کۆبوونه‌وه‌دا بۆ وه‌سف کردنی شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆریزمی کوردی به کار هێنا که ئه‌و بابه‌ته تووڕه‌ییی کورده‌کانی به‌ریتانیای به‌دواوه بوو و کورده‌کانی ئه‌و وڵاته له به‌رده‌م نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا کۆ بوونه‌وه.
ماڵپه‌ڕی ده‌یلی مه‌یل له ڕاپۆرتێکدا نووسیی: ڕۆژی ڕابردوو کورده‌کانی دانیشتووی به‌ریتانیا له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانییان ساز کرد و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیانیان به لێدوانی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌ربڕی.
گرووپه کوردییه‌کانی به‌ریتانیا به‌و بۆنه‌وه که تێرزا مه‌ی سه‌رجه‌م کورده‌کانی به تیرۆریست ناو بردوووه به ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست وه‌سف کرد.
گرووپی دۆستیی هاووڵاتییانی به‌ریتانیا و کۆمه‌ڵگای کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و وڵاته هاوخه‌مییان له‌گه‌ڵ کورده‌کان ده‌ربڕی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیانیان بۆ به‌کارهێنانی وشه‌ی تیرۆریزم بۆ تێکڕای کورده‌کان ڕاگه‌یاند.
گرووپه کوردییه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه کرد که ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا له ساڵی 2016وه چه‌ک و چۆڵی سه‌ربازی به بایه‌خی یه‌ک میلیارد دۆلار به تورکیا ده‌فرۆشێت و تورکیا له‌و چه‌کانه بۆ سه‌رکوت کردنی کورد که‌ڵک وه‌رده‌گرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment