تووڕەیی و بەخۆداشکانی کورد لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق

بەشی جیهان- ئوپۆزسیۆنی کوردی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ناڕازییە لە بەر ئەوەی ئەو ژمارە کورسییەی حەزیان دەکرد بیهێنن مسۆگەریان نەکرد لە بەر ئەوەش ئەو حیزبانە داوای دووبارە کردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.

کوردپرێس- ئەنجامی هەڵبژادرنەکەی 12ی ئایاری 2018ی پەڕلەمانی عێراق ڕا و بەراوردی زۆرینەی چاودێرانی سیاسیی بەدرۆ خستەوە. خاوەن بیران و چاودێرانی سیاسی بڕوایان وابوو لە بەر ئەوەی ئاستی ناڕەزایی لە نێو جەماوەری هەرێمی کوردستاندا زیادی کردووە ژمارەی کورسییەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم واتا پارتی و یەکێتی بەڕێژەیێکی بەرچاو کەم دەکات و تەنانەت هەندێک لە چاودێرانی سیاسی بیریان لە ئاڵوگۆڕی سیاسی بە قازانجی حیزبەکانی ئوپۆزسیۆن دەکردەوە.

بەڵام ئەنجامەکە وادەرنەچوو و بە حەزی ئوپۆزسیۆنیش نەبوو. دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردتان دیسانەوە زیاترین کورسییان مسۆگەر کرد ژمارەیێک لە حیزبەکانی ئوپۆزسیۆن و بەتایبەت گۆڕان نەک هەر پێشکەوتنیان نەبوو بەڵکوو تەنانەت ژمارەی کورسییەکانیان کەمیشی کرد. حیزبی تازە دامەزراوی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەرورەی کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکات و پاش جیابوونەوە لە حیزبی ڕیشەکوتاو و کۆنی یەکێتی ئەو حیزبەی دامەزراند نەک هەر لە ئاستی چاوەڕوانیدا دەرنەکەوت بەڵکوو بوویە هۆی سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی حیزبەکەش.

ئەگەرچی خاوەن بیرانی سیاسی دەڵێن دابەزینی ڕێژەی بەشداری کردنی جەماوەر بە قازانجی حیزبە کۆن و نەریتییەکان شکاوەتەوە بەڵام بەوەشەوە شەش لایەنە ناڕازییەکەی هەرێمی کوردستان داوای دوبارە کردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن لە بەر ئەوەی بڕوایان وایە کۆی هەڵبژاردنەکە بەتایبەت لە سلێمانی تەزویری تێدا کراوە.

کریستین وان دێنتۆرن بەرپرسی توێژینەوەی هەرێمەکان لە زانکۆ ئەمریکییەکەی سلێمانی بەشێک لەو لاواز دەرکەوتنەی ئوپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکەدا دەگێڕێتەوە بۆ دابەزینی ڕێژەی بەشداری کردنی هاووڵاتییان ئەوەش لە بەر بێ هیوا بوونیان لە چاکسازیی سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان.

هەمان چاودێری سیاسی گفتوگۆیێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیماراتیی نەشناڵ کردووە و بەو ڕۆژنامەیەی وتووە: دەکرێت گومان بکەین لە جیاوازیی ئێجگار زۆری ژمارەی دەنگەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبەکانی ئوپۆزسیۆن.

ناوبراو بڕوای وایە ئەو گومان زۆرەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کراوە کارتێکەر بووە لە متمانە کردنی جەماوەر بە سیستەمی حوکمڕانی و سیستەمی هەڵبژاردنیش، ئەگەر تەنانەت ساختەکاری و تەزویرەکانیش نەسەلمێندرێت. چوونکە هاووڵاتییان لێرە دەڵێن: "دەنگی من دزراوە بۆیە چیتر دەنگ نادەم."

News ID 14641

Your Comment

You are replying to: .
captcha