بهپێی ههواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، رۆژی 30ی 9ی 2018 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرا، بێ ئەوەی ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێت، لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو هەڵبژارنە پێكەوە بكرێت.
عەلی حسێن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە SNNی راگەیاند: هەر هەڵبژاردنێک لە كوردستان بكرێت، پارتی ئامادەیی تێدایە، بۆ هەر بابەتێكی لەو جۆرەش حزبێک یان لایەنێكی سیاسی ناتوانێت بەتەنیا بڕیار بدات، دەگەڕێتەوە بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان لە پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاری لەسەر بدەن و یاسای بۆ دەربكەن.
وتیشی: "بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەگەر پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات، پارتی ئامادەیی تێدایە".
ئاماژەی بەوەش كرد: لەلای پارتی گرنگ پرۆسەی سیاسییە نەک پۆست، هەر هەڵبژاردنێک لە هەرێمی كوردستان كراوە وەكوو پارتی لەگەڵیدا بووین و جەختمان لەسەری كردۆتەوە.
عەلی حسێن سەبارەت بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم رایگەیاند: لە ئێستادا هیچ وادەیێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاری نەكراوە و جارێ دیار نییە هەڵبژاردن چۆن دەبێت، هەر كاتێک وادەكەی دیاری كرا، ئەوكاتە بۆچوون و هەڵوێستی خۆمان ئاشكرا دەكەین.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment