بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەردانی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا بە تەنیا دەبێت. شاندهكهی پارتی سەردانی لایەنە عێراقییەکان دەکات، بهڵام بڕیاری کۆتایی نادات لە چۆنیهتیی پێكهێنانی هاوپهیمانهتی بۆ پێكهێنانی حكوومهتی نوێ، بەڵکوو دەگەڕێنەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش و له نێوخۆدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دهكرێ ئینجا بڕیاری خۆمان دەدەین.''
لەبارەی مەرجەکانی پارتییهوه بۆ بەشداری کردن لە حکوومەتی نوێی عێراقدا، ئهو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "مەرجی ئێمە جێبەجێ کردنی دەستووری عێراق و شەراکەت و تەوافوقە. ئینجا ھەر کوتلەیێک داواکاریمان كە گێڕانەوەی شەراکەت و جێبەجێ کردنی دەستووره، لێمان نزیک بێت ئەوا لەگەڵیدا رێکدهكهوین.. بەرنامەی ئێمە بۆ بەغدا تەنیا بەرنامەی پارتی نییە، بەرنامەی ھەرێمی کوردستانە و زیاتریش پێداگیری لە جێبەجێ کردنی دەستوور بە گشتی و تایبەت ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دهكهینهوه.''
لایەنگهلێكی سیاسیی ههرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ناڕازین و باس لە بایکۆت کردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکەن، کاکەمین نەجار لهوبارهوه گوتی ''ئێمە نازانین كه داخۆ ئەو بڕیارە دەدەن یان نا، ههڵبهت پێمان باشە ھەموو لایەنەکان ئەگەر دەچنە بەغدا، پێکەوە و بە یەکگرتوویی بچین و لێرە بەرنامەی پلانی خۆمان ئامادە بکەین، چوونکە پارتی کە دەچێتە بەغدا باسی پارتی ناکات، باس لە داواکاریی ھەرێمی کوردستان دەکەین''.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment