كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پاش ماوه‌یێكی كه‌م له ‌كۆتایی ھاتنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ره‌نجامه‌ به‌رایییه‌كان كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لایه‌نه‌كانی به‌ دوای خۆیدا ھێناوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لیست ‌و لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی پڕۆسه‌كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی كاردانه‌وه‌ی جیاجیان ھه‌یه‌ و به‌شێكیان ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانی پرۆسه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی خۆیه‌وه‌ ھه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی له ‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی ڕاگه‌یاند و هاوكات ژماره‌یێكی زۆری ھه‌وادارانی ئه‌و حیزبه‌ش چوونه‌ سه‌ر شه‌قامی سالم ‌و له ‌به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی حیزبه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ ئاھه‌نگ‌گێڕان كرد، ھه‌روه‌ھا له‌ سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی ته‌قه ‌كردنی خۆشی به ‌ئاسماندا كرا.

له ‌به‌رانبه‌ردا هه‌ریه‌ک له ‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ھاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ده‌ڵێن: ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانیان له‌ سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستكاری كراوه‌ و سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدانیش ھاك كراوه‌.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناوخۆیی ئه‌نجام دا و میدیای فه‌رمی بزووتنه‌وه‌كه‌ش ڕای‌گه‌یاند سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدان ھاك كراوه‌ و داوا ده‌كات به ‌شێوه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان جیا بكرێنه‌وه‌.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوووه‌ له‌ بنكه‌یێكی ده‌نگدانی به‌ختیاری شاری سلێمانیدا ده‌نگه‌كان به ‌ده‌ست ھه‌ژمار كرانه‌وه و ئه‌نجامه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گۆڕان پێچه‌وانه‌ بوووه‌ته‌وه‌.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ بێده‌نگ نابن له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ و به ‌وته‌ی خۆیان پێچه‌وانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی لایه‌نێكی‌تر و "بریكارانی گۆڕان ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ ساخته‌كانی بنكه‌كانی ده‌نگدان ناكه‌ن".

هاوكات ده‌زگای ھه‌ڵبژاردنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ھاتوووه‌: "ھه‌موو لایێک ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان گومانێكی زۆر ھه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ بۆیه‌ داواكارین پشت به‌ جیا كردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی نه‌به‌سترێت ‌و جارێكی‌تر جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێت".

كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ‌و قه‌واره‌ی ھاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریش به‌ ھه‌مان شێوه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و داوای ھه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌كات.

هاوكات عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌ ڕای‌گه‌یاند: "ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌ستكاری كراوه‌ و ساخته‌كارییێكی به‌ به‌رنامه‌ و ئه‌لیكترۆنی ھه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ زۆرێک له‌ وێستگه‌كاندا كه‌ كادره‌كانی خۆمان به‌شدارییان تێدا كردوووه‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متر ھاتووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ دڵنیاین ساخته‌كارییێكی ئه‌لیكترۆنی به ‌به‌رنامه‌ له ‌ناو سیسته‌مه‌كه‌دا كراوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ھێزی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ سلێمانی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ و بێجگه‌ له‌و ساخته‌كارییه‌ زۆرانه‌ی‌تر كه‌ كراون به ‌تایبه‌ت دژی ئه‌ندامانی ئێمه‌".

له‌سه‌ر ئاستی عێراق ٢٢ ملیۆن و ٥٢٥ ھه‌زار و ٢٨٢ كه‌س مافی ده‌نگدانیان ھه‌بوو له ‌ھه‌ڵبژاردنی ڕۆژی شه‌ممه‌ 12ی ئایار و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ٧ ھه‌زار و ٩١٩ ناوه‌ندی ده‌نگدان كرابوونه‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش ٣ ملیۆن و ١٤٤ ھه‌زار و ٧٣٠ ده‌نگده‌ریان له‌ ھه‌رێمی كوردستان بوون ‌و ١٧٣ ناوه‌ندی ده‌نگدان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كرانه‌وه‌.

له‌ ھه‌رێمی كوردستان ٢٧ قه‌واره‌ی سیاسی كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستھێنانی ٤٦ كورسی په‌رله‌مانی عێراق، ته‌واوی قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیش ٥٠٣ كاندیدیان ھه‌یه‌ كه‌ ١٤٦ كاندیدیان ئافره‌تن.

له ‌پارێزگای سلێمانی یه‌ک ملیۆن و ٣٠٤ ھه‌زار و ١٦٨ كه‌س مافی ده‌نگدانیان ھه‌بوو بۆ ھه‌ڵبژاردنی ١٨ كاندید له‌ كۆی ٢٠٨ كاندید كه‌ له‌ ١٢ قه‌واره‌ی سیاسیی خۆیان پاڵاوتوووه‌.

له‌ سلێمانی ٥٠٣ ناوه‌ندی ده‌نگدان بۆ ده‌نگدانی هاووڵاتییان كرانه‌وه‌ و ئه‌م ناوه‌ندانه‌ش دوو ھه‌زار و ٩٤٧ سندوقیان له‌خۆ گرتبوو.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14139

Your Comment

You are replying to: .
captcha