دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق دەستی پێکرد/ ئه‌مڕۆ چاره‌نووسی وڵاته‌ پڕ كێشه‌كه‌ دیاری ده‌كرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12/5/2018 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و 24.5 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن و ئه‌ركی سه‌ره‌كیشیان ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تێك كه‌ وڵاته‌كه‌ بونیات بنێته‌وه‌ و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات هه‌ڵبژێرن، به‌تایبه‌تی پاش زیاتر له‌ سێ ساڵ جه‌نگی خوێناوی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش.

کوردپرێس- شه‌ڕ و گه‌نده‌ڵی عێراقیان دوچاری ده‌یان كێشه‌ی بنچینه‌یی كردووه‌ و هه‌ژاری و بیكاری به‌رۆكی گرتوون. ده‌نگدانه‌كه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بارودۆخی هه‌رێمایه‌تی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرژیی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه ‌و پێناچێت له‌ ئه‌گه‌ری رووداوه‌كانی داهاتوودا عێراق هه‌روا سه‌لامه‌ت لێی ده‌ربچێت. بۆیه‌ ئه‌ركی ده‌نگده‌ران قورسه‌ تا پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان حكوومه‌تێكی دوور له‌ تائیفه‌گه‌ری و دیموكراسی هه‌ڵبژێردرێت و دوچاری كێشه‌ی گه‌وره‌تریان نه‌كاته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ كاتێكیشدایه‌ كه‌ ململانێكانی واشنتن و تاران وه‌ك دوو هێزی خاوه‌ن كاریگه‌ری له‌ عێراق توندتر بووه‌، به‌تایبه‌تی پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ساڵی 2015و پێده‌چێت بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو ململانێكانیان توندتر بێت، چوونكه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت به‌ڕه‌كه‌ به‌لای خۆیاندا رابكێشن و خۆیشیان به‌ هاوكار و پاڵپشتیی عێراقییه‌كان له‌ جه‌نگی دژی داعش ده‌زانن.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و 24.5 ملیۆن هاووڵاتییه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ بتوانن ده‌نگ بده‌ن، 8959 بنكه‌ی ده‌نگدان له‌ كاتژمێر 7:00 به‌یانی به‌ڕووی ده‌نگده‌راندا کراونەتەوە ‌و تا كاتژمێر 6:00 ئێواره‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌رده‌وام ده‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ریاز به‌دران سه‌رۆكی كارگێڕی هه‌ڵبژاردنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندووه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌گوێره‌ی یاسا رێژه‌ییه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی كراوه ‌و داخراوه‌ و هه‌ر پارێزگایێک بازنه‌یێكی تایبه‌ته‌ و ده‌نگده‌ران ده‌بێت له‌ناو 6 هه‌زار كاندی له‌ 87 هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌ی سیاسی كاندیدی لایه‌ن و 329 نوێنه‌ر بۆ خولی داهاتوو هه‌ڵبژێرن.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ڵێن: "نزیكه‌ی 900 هه‌زار ئه‌ندامی پۆلیس و سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خراونه‌ته‌ حاڵی ئاماده‌باشییه‌وه ‌و بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌پارێزن و سه‌رجه‌م فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیش داخراون.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جیاوازیی زۆری تێدایه‌ و له‌ دوای 15 ساڵ له‌ حوكمڕانی شیعه‌كان پاش رووخانی رژێمی به‌عس، به‌ لیستێكی هاوبه‌ش نه‌چوونه‌ته‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و ململانێیێكی توند له‌نێوانیاندایه‌، ته‌نانه‌ له‌ناو یه‌ك حزبدا وه‌ك حزبی ده‌عوه‌، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی و نووری مالیكی به‌ لیستی جیاواز به‌شدارییان كردووه‌.

ئه‌مجاره‌ ده‌نگدان ئه‌لیكترۆنییه‌ و به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی كۆمیسیۆن ده‌بێت له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوودا ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌نگدان ده‌ربچن.

بۆ هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ گرنگ ده‌زانرێت، چوونكه‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌ رۆژی 25/9/2017 په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تا ئاستی نیمچه‌ دابڕان و سزادانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان رۆیشت، هه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بانگه‌شه‌ی حزب و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌دا، هێنده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گه‌رم بوو.

جگه‌ له‌وه‌یش لایه‌نه‌كان پێیانوایه‌ ده‌بێت له‌ خولی داهاتوودا كاریگه‌ریی زیاتر له‌ به‌غدا دروست بكه‌ن هەرچەندە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 و گەڕانەوەی دەوڵەتی عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەت کەرکووک، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ده‌ستچوونی نزیكه‌ی 10 كورسیش بۆ سه‌ر كورد درووست بووه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر خاوه‌نی 62 كورسیی په‌رله‌مان بوون.

رۆژی 10/5/2018 ده‌نگدانی تایبه‌ت و ده‌نگدانی عێراقییه‌كانی تاراوگه‌ش به‌ڕێوه‌چووه‌ و کاتژمێر 7ی سەرلەبەبانیی ئەمڕۆ شەنبە 12ی ئایار دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق دەستی پێکردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 14042

Your Comment

You are replying to: .
captcha