کوردپرێس- گۆڤارەکە لە سەروتارێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆغانەوە پێدەچێت کاردانەوەی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە و یەکێک لەو کاریگەریانەش بەرزبوونەوەی پایەی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپەیە کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە کاریگەرەکانی وڵاتەکە و پێدەچێت ببێتە نێڵسن ماندێلای کورد.
دەمیرتاش کە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیایە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی حوزەیران، لە ئێستادا دەستگیر کراوە و ئەگەری ھەیە ڕوبەڕوی سزای ١٤٢ ساڵ زیندانی بکرێتەوە بە تۆمەتی پەیوەندیبوونی بە پەکەکەوە، بەڵام مافی پێدراوە لە زیندانەوە کەمپینی ھەڵبژاردن بەڕێوەببات چونکە تا ئێستا سزاکەی بەسەردا ساغ نەکراوەتەوە، بەڵام پەیوەندی دەمیرتاش لەگەڵ ستافی کەمپینەکەی لەلایەن حکوومەتەوە سنوردار کراوە.
گۆڤارەکە نوسیویشیەتی، ئەگەری ھەیە کەمپینەکەی دەمیرتاش چەندین لایەنی ناڕازیی وڵاتەکە بەلای خۆیدا رابکێشێت، تەنانەت ئەو کوردانەی کە لە ڕابردوودا دەنگیان بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەدا کە ھەرگیز لە ڕابردوودا ھاوسۆزیان بۆ ھەدەپە نەبووە، ئەویش بەھۆی نادادپەروەری دەسەڵاتی تورکیا دە بە کورد و گۆڕینی ھێما کوردییەکانی شارەکانی کوردستانی تورکیا بۆ زمانی تورکی و شێواندنی سیمبولی کوردبوون لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن ھێزە تورکی و جیھادیەکانی نزیک لە تورکیاوە.
بە گوێرەی فۆڕێن پۆڵسی، بە گوێرەی یەکێک لە ڕاپرسییەکان دەمیرتاش لەسەدا ٤.١٣ ی دەنگەکان بەدەستدەھێنێت، و ڕاپرسییەکی دیکەش دەریدەخات کە پێدەچێت لەسەدا ١٥ی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبھێنێت و سوود لە "دەنگدەری ھاوسۆز" ببینێت.
لە سەروتارەکەدا باس لەوەکراوە کە ئەردۆغان لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یەکێکیان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی سیستەمی دادوەرییە کە بڕیار لەسەر ئەوە بدات دەمیرتاش ھەرگیز ڕۆژی ڕووناک نەبینێتەوە، یاخود ئەوەی ئازاد بکرێت، ھەردوو بژاردەکەش زیانی بۆ ئەردۆغان دەبێت، چونکە ئازادکردنی دەمیرتاش واتە ئازادکردنی ئۆپۆزسیۆنە کاریگەر و بەتواناکەی کە کێشەی بۆ دروستدەکات، ھەروەھا ھێشتنەوەی لە زینداندا یان لێسەندنەوەی مافی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکەدا کاردانەوەی دەبێت، نەک بەتەنھا لەلایەن پشتیوانە ناوخۆکانی بەڵکوو لەلایەن حکوومەتی دەرەکی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانیشەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment