شه‌ڕی نێوان داعش و حه‌شدی شه‌عبی له‌ سه‌لاحه‌دین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى قایمقامییه‌تى قه‌زاى خورماتوو ئاشکرای کرد له‌ نزیک قه‌زاکه‌ شه‌ڕ له ‌نێوان داعش و حه‌شدى شه‌عبى ڕووی داوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د فایه‌ق به ئێن ئاڕ تى ڕاگه‌یاند: کاتژمێر ٩:١٥ خوله‌کى شه‌وی هه‌ینى له‌ نێوان هه‌ر دوو گوندى حه‌فریه و مه‌فتولى سه‌ر به‌ ناحییه‌ى ئامرلى له‌ باشورى خورماتوو شه‌ڕ له ‌نێوان داعش و حه‌شدى شه‌عبى ڕووی داوه‌.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: داعش هێرشى کردبوووه‌ سه‌ر چه‌ند باره‌گایێکى حه‌شدى شه‌عبى و له ‌نێویشیاندا باره‌گاى لیواى ٥٢ى ئه‌و هێزه ‌و پاش نیو کاتژمێر شه‌ڕه‌که‌ وه‌ستاوه ‌و دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ تۆپبارانى ئه‌و شوێنانه‌ کراون که‌ داعش هێرشى لێوه‌کردبوون.

وته‌بێژى قایمقامییه‌تى خورماتوو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد تا ئێستا زیانه‌کانى ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌زانراون به‌ڵام شه‌ڕ وه‌ستاوه‌.

ماوه‌یێکه‌ جموجۆڵى داعش له ‌ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان به ‌شێوه‌یێکى به‌رچاو ڕووى له‌ زیاد بوون کردوووه ‌و دوو ڕۆژ پێشتریش داعش له ‌جه‌له‌ولا هێرشی کرده‌ سه‌ر سوپاى عێراقى.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13816

Your Comment

You are replying to: .
captcha