2500 به‌ڵگه‌ی تاوانه‌کانی جینۆساید کردنی کورد ئاماده‌ کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌رێم ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "به‌ڵگه‌یێکی زۆر له‌سه‌ر جینۆساید کردنی کورد ئاماده‌ کراوه‌ به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی تاقیگه‌یێکی تایبه‌ت به‌ پشکنینی DNA بۆ ناسینه‌وه‌ی قوربانیان و ئه‌نفالکراوان ناتوانرێت کاره‌کان ته‌واو بکرێت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2ی ئایار مه‌حموود حاجی ساڵح وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌گه‌ڵ کرستۆف هوفمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و نوێنه‌ری کونسووڵگه‌ری گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی کێشه‌کانی وه‌زاره‌ته‌که‌وه‌ کۆ بوووه‌وه‌.

له‌باره‌ی کۆبوونه‌وه‌که فوئاد عوسمان وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: "داوا له‌ حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیا کراوه‌ هاوکاری هه‌رێمی کوردستان بکات بۆ دروست کردنی دادگایێکی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌کانی شه‌ڕی داعش."

ناوبراو وتیشی: "نزیکه‌ی 2500 به‌ڵگه‌ی تاوانه‌کان ئاماده‌یه‌ و سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌کانی جینۆسایدی تێدایه‌ به‌ڵام به‌هۆی دروست کردنی تاقیگه‌یێکی تایبه‌ت به‌ پشکنینی DNA بۆ ناسینه‌وه‌ی قوربانیان و ئه‌نفالکراوان ناتوانرێت کاره‌کان به‌ڕێوه‌ بچێت."

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد داوا له‌ حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیا کراوه‌ هاوکاری ئه‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ بکات بۆ چاره‌سه‌ر کردنی به‌رکه‌وتوووانی چه‌کی کیمیاوی که‌ له‌ ئێستادا 30 که‌س له‌و به‌رکه‌وتوووانه‌ پێویستیی زۆریان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هاوکاریی ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێم گوتی: "وه‌فده‌که‌ به‌ڵێنی به‌دواداچوون و کار کردنی بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌ داوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کانی ئه‌ڵمانیا."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13793

Your Comment

You are replying to: .
captcha