کوردپرێس:
ئاڵدار خەلیل ئەندامى سەرۆکایەتىی پارتى یەکێتیى دیموکراتى (پەیەدە)، بەبۆنەى ساڵیادى داگیرکردنى عەفرین و تێپەڕینى (دە) ساڵ بەسەر شۆرشى خەباتی سووریا و نزیکبونەوەى جەژنى نەورۆز باس لە دوا پێشهاتەکانى ناوچەکە دەکات و رایدەگەیەنێت "دەبێت گەلانى ناوچەکە بە رۆحیەتى نەورۆزە بەردەوامى بە خەبات بدەن."
ئاڵدار خەلیل بەتایبەت باس لە دەستوەردانى تورکیا دەکات و دەڵێت: "دەوڵەتێکى وەک تورکیا دەستى لە شۆڕشى سووریا وەردا و ئاراستەکەى گۆڕى و نەیهێشت لەسەر ئامانجەکەى خۆى بەردەوام بێت، کە گەیشتن بوو بە سیستمێکى دیموکراتى، بەڵام دەستوەردانى تورکیا شۆڕشەکەى بە ئاڕاستەیێکى دیکەدا برد"، هەروەک پێی وایە؛ تورکیا هەمیشە دەستى سەرەکیى هەیە لە کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەشڵێت "ئێمە دڵنیاین ئەگەر تورکیا دەستى لە خەباتی سووریا وەرنەدایە شۆڕشەکە ئەنجامێکى دیکەى دەبو."
هاوسەرۆکى پەیەدە، ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەستوەردانى تورکیا لە خەباتی سووریا بۆ رێگرى کردنە لەوەى کورد رۆڵ و پێگەى کاریگەریان هەبێت لە داهاتووى سووریا.
هاوسەرۆکى پەیەدە لەو چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسى (هاوار نیوز) باس لە پرۆژەى دیموکراسی دەکات و دەڵێت "ئێمە لە حاڵەتى شۆڕشداین، شۆڕشیش هەنگاو بەهەنگاو پێش دەکەوێت، بەڵام دوژمنان ناهێڵن ئەم شۆڕشە پێشبکەوێت، چوونکە دەزانن ئاکامەکەى دروستبونى پرۆژەیێکى دیموکراتییە.
ئاڵدار خەلیل وتوشیەتى؛ "لەگەڵ ئەوەى دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەزانێت ئەم ئیدارەیەى ئێمە نایەوێت سووریا دابەش ببێت و ناشبێتە هۆى دروستبوونى ناکۆکى لەنێوان رۆڵەکانى سووریا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئیدارەى خۆسەری کار بۆ بەهێزکردنى سووریا دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیمەشق ئەم ئیدارەیە قبووڵ ناکات، چوونکە دەزانێت قبووڵ کردنى ئەم ئیدارەیە باجى هەیە.
ئاڵدار خەلیل شانازى بە خەباتەکەی کوردی سووریاوە دەکات و دەڵێت "ئێمە شانازى بە ئەنجامدانى ئەم شۆڕشەوە دەکەین، هەنگاوى یەکەمى شۆڕشیشمان ناوە و بەردەوامیش دەبین."
هەروەک داوا لە گەلانى ناوچەکە دەکات بەرۆحیەتى نەورۆزەوە بەردەوام بن لە خەبات تا بەدیهێنانى سیستمى دیموکراتى و دەڵێت "کاتێک تورکیا عەفرینى داگیر کرد یەکەم کار کە کردى ڕووخاندنى پەیکەرى کاوە بوو لە شارەکە، چوونکە پێى وابوو کاوە رەمزى بەرگرییە و بە شکاندنى پەیکەرەکەى رۆحى بەرگرى تێکدەشکێنێت، بەڵام ئێمە ئەمرۆ بە رۆحیەتى نەورۆزەوە کار بۆ سەرخستنى ئەم شۆڕشە دەکەین".
Your Comment