بهپێی ههواڵی کوردپرێس، فیلمەكە، فیلمێكی كوردی- سوێدی بوو بەناوی ئۆپیت، رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شارۆچكەی میندۆچینۆی سەر بە هەرێمی كالابریای ئیتاڵیا نمایش كرا. لە ماوەی رابردوودا ئەمە سێیەم فیلمە لەو شارۆچكەیە نمایش دەكرێ، بەڵام هیچیان وەكوو ئەم فیلمە خەڵكی بۆ بانگ نەكرابوو، بۆیە كۆچبەران و ئیتاڵییەكان بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە هۆڵی نمایشی فیلمەكە دەكرد.
لەم شارۆچكەیە پرۆژەیێكی هاوكاریی پەنابەران بە ناوی سپرار بۆ خوێندن و دابین كردنی خزمەتگوزاری هەیە، بەشێكی پرۆژەكە بریتییە لە ناساندنی كولتووری گەلانی كۆچبەر بە یەكدی و هەروەها ئیتاڵییەكان، بۆ ئەمەش فیلم وەكوو ئاسانترین كەرەستەی ناساندنی كولتوور لەو پرۆژەیەدا بیری لێكراوەتەوە، مانگانە فیلمێک لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا نمایش دەكرێ.
بۆ ئەم مانگە فیلمێكی كوردی – سوێدی بەناوی "ئۆپیت" نمایش كرا، ئەم فیلمە لە ساڵی 2007 دەرچوووە، بەشێكی لە ههرێمی كوردستان و بەشەكەی دیكەشی لە ئەورووپا وێنە گیراوە، چیرۆكی فیلمەكە باس لە كۆچ كردنی خێزانێكی كورد دەكات بۆ هەندەران و دابڕانی ئەندامانی ئەم خێزانە لە یەكدی، لە فیلمەكەدا ژمارەیێک ئەكتەر و شانۆكاری بەناوبانگی كورد بەشدارییان كردوووە. گرنگیی ئەم فیلمەش بۆ ئامادەبووان ئەوە بوو كە بە شێوەیێكی ئۆرجیناڵ وەرگێڕدرا بوووە سەر زمانی ئیتاڵی، بۆیە ئیتاڵییەكان گرفتیان لە تێگەیشتنی زمانی فیلمەكە نەبوو.
ماریا سكالیسی كە ئافرەتێكی ئیتاڵییە و كۆرسی فێربوونی زمانی ئیتاڵی بە كۆچبەران دەڵێتەوە، خاوەنی بیرۆكەی ئەم پرۆژەی (سپرار)ـەیە كە بە واتای (سیمای من) دێت. ماریا بە (رووداو)ی گوت: "ئامانج لەم پرۆژەیە ناساندنی كولتووری گەلانە و هەم كۆچبەران و دانیشتووانی میندیچینۆ و شارۆچكەكانی دیكەش كۆ دەكاتەوە، چەند رۆژێک پێش دەستپێكردنی فیلمەكە رێكلامی بۆ دەكەین، بەڵام بۆ ئەم فیلمە كوردییە زیاتر ریكلاممان كرد لە قوتابخانە سەرەتاییەكان، چونكە فیلمەكە زیاتر كۆمەڵایەتی و چیرۆكەكەش پەیوەندی بە كورد و كۆچبەرییەوە هەبوو، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییێكی باشی لێكرا".
فیلمەكە سەر لە ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە تا درەنگانی شەو نمایش كرا و ژمارەیێكی زۆری خەڵک ئامادەی بوون. بەر لە نمایش كردنی فیلمەكە، سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەكە ئەنتۆنیۆ پالیرمۆ باسێكی لە پرۆژەی هاوكاری بۆ پەنابەران كرد و گوتی: "خستنەڕووی ئەم فیلم و چالاكییە كولتووری و هونەریانە سوود بە هەموو لایەكمان دەگەیێنێ، هەموومان بە كولتوور و هونەری یەک ئاشنا دەبین، ئێمەش وەكوو شارەوانی بەردەوام دەبین لەم پرۆژانە، بێگومان هاوكاریی پەنابەرانیش گرنگە و دەمانەوێ ئەوانیش كاتێكی خۆش لەگەڵ ئەم پرۆژە هونەریانە بەسەربەرن."
ژمارەی دانیشتووانی شارۆچكەی میندیچینۆ نزیكەی 10 هەزار كەس دەبێت، ناوچەیێكی شاخاوی و كەشوهەوایێكی فینكی هەیە لە وەرزی هاویندا، ژمارەیێک لە كۆچبەرانی كورد و ئەفریقی و عەرەب و خەڵكی ئەورووپای رۆژهەڵات لەم ناوچەیە نێشتەجێ بوون و داوای مافی پەنابەرییان كردوووە.
زریان شیرایی كە كۆچبەرێكی كوردە، نیشاندانی فیلمەكە بە گرنگ وەسف دەكات بۆ میللەتی كورد، چونكە پێیوایە كورد كە مادام دەوڵەتی نییە و لە لایەن گەلانی دیكەی خاوەن دەوڵەتەوە وەک پێویست ناناسرێ، كەوایە ئەركی پەنابەرانە خۆیان بناسێنن.
زریان كە لە شارۆچكەی میندیچینۆ دادەنیشێ، هەروەها گوتی: "چەند رۆژێک بەر لە دەستپێكردنی فیلمەكە لەگەڵ هاوكارەكانمان، سەردانی چەند قوتابخانەیێكمان كرد و گفتوگۆمان لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایانی میندیچینۆ كرد، هاوكات بەگرنگمان زانی باسێكیشمان هەبێت لەسەر ناساندنی كورد و بارودۆخی كوردستان كە بۆچی تا ئێستا كورد دەوڵەتی نییە. بێگومان ئەمەش بۆ قوتابییەكان و هەم مامۆستاكانیش شتێكی تازە بوو".
خەونەكانی دوو مێرمنداڵی كورد
فیلمی هۆپیت (Hoppet) لە دەرهێنانی پیتەر نێس، دەرهێنەری بەناوبانگی نەرویجییە و چیرۆكی دوو مێرمنداڵی كوردی ههرێمی كوردستان بە ناوەكانی ئازاد و دیجلە دەگێڕێتەوە كە بەنیازی ئەڵمانیا كوردستان جێدەهێڵن و كەچی سەر لە سوید دەردەكەن. ئازاد، تەمەن 12 ساڵ، خەون بەوەوە دەبینێ ببێ بە پاڵەوانێكی جیهانی لە وەرزشی بازداندا. دیجلەش لە پاش بۆردومانێكی كوردستان زمانی شكاوە. بەهرەی ئازاد لەبواری بازداندا یارمەتی ئەو دوو مێرمنداڵە كوردە دەدا بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییێكی بازدان بچنە ئەڵمانیا و لەوێ لەگەڵ دایک و باوكیاندا یەک بگرنەوە. فیلمی هۆپیت، كە لە زمانی سوێدیدا به ههرد و واتای هیوا و بازدان دێت و ساڵی 2007 بهرههم هاتوووه.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment