بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فیردەوس عەوادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باس لە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ هێزی پێشمەرگە و دەڵێت وەرگرتنی هاوكاری دارایی پێشمەرگە لە رێگەی هەژماری بانكێک لە ئەمریكا، رێز نەگرتنە لە سەروەریی عێراق و هاندانی هێزەكانی پێشمەرگەیە بۆ یاخی بوون لە حكوومەتی عێراق.
فیردەوس عەوادی هەروەها داوا دەکات سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئاست ئەم پرسە بێدەنگ نەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات رەوانە كردنی ئەو پارەیە بۆ هێزێكی سەربازی نەتەوەیی لە عێراق و بەبێ ئاگاداری حكوومەتی عێراق، كێشەیێكی گەورەیە و زیاتر لە پەیامێكیش بۆ ئەو حكوومەتەی تێدایە، لەوانە ئەمریكا هەوڵی دروست كردنی هێزێكی سەربازی بەرامبەر یان بەهێزتر لە هێزەكانی عێراق دەدات، بۆ بەكارهێنانی لە داهاتوودا لەو قەیرانانەی ئەگەری هەیە بورووژێندرێن.
ناوبراو دەشڵێ ئەمریكا چاكەی بۆ عێراق ناوێت و تاوەكوو ئێستاش هەوڵی دابەش كردنی دەدات، ئەو هاوكاریە داراییەش یەكێكە لە پلانەكانی دابەش كردن.
فیردەوس عەوادی باس لەوە دەکات کە ئەو بڕە هاوكارییە داراییەی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2016 لە نێوان مەسعوود بارزانی و بۆب وورک یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا و دوور لە حكوومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كراوە.
پاشان بە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێ ئایا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگاداری ئەو هاوكارییەیە؟ ئەگەر ئاگاداربێت ئەوە كارەساتە، ئەگەر ئاگاداریش نییە دەبێ دەستبەجێ رێكاری یاسایی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، هەروەها داوا لە عەبادی دەكات بێدەنگ نەبێـت و گەلانی عێراق لەو پرسە ئاگادار بكاتەوە، رێگەش بە ئەمریكا نەدات هەركاتێک حەزی كرد یاری بە سەروەریی و كەرامەتی عێراق بكات.
سەرچاوە: لڤین پرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment