لە ژیانی نووسەری و ڕۆژنامەوانیمدا دەسخۆشانەیێکی سەرزارەکیشم لێنەکراوە

بەشی دیمانە/ فەرهەنگ و هونەر- عادڵ محەمەدپوور نووسەر، توێژەر و ڕۆژنامەنووسی کورد لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا ڕەخنە لە ڕەوتی چاپی کتێب دەگرێت و دەڵێت: زۆربەی بڵاڤگەکانی ئێران و هەرێمیش بە داخەوە بەسراونەتەوە بە چەشنی پێوەندی و ڕەفاقەت و کاکە و مامە کردن. بۆیە نووسەر و ڕۆژنامەوان قەدری کەمە و لە ژیانی نووسەری و ڕۆژنامەوانیمدا دەسخۆشانەیێکی سەرزارەکیشم لێنەکراوە.

کوردپرێس- ڕۆژی یەکشەمە دووی گوڵانی(97) ڕێ و ڕەسمی پەردەلادان و خوێندنەوەی ڕەخنەیی و شیکارانە بۆ چوار کتێبی عادڵ موحەممەدپوور لە سەر ئەرکی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئیدارەی ئیرشادی مەریوان، بەڕێوە چوو و بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس بەو بیانووەوە دیمانەیێکی کورتی لە گەڵ ئەو نووسەرە کوردە کردووە.

دەقی دیمانەکە لێرە بخوێنەوە:

کوردپرێس- دووی گوڵان ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی بوو و هاوکات بوو لەگەڵ پەردەلادان لە چوار بەرهەمی بەنرخی بەڕێزتان. وەکوو کەسایەتییێکی خاوەن ئەزموون لە بواری ڕۆژنامەوانی و هەڵسووڕاوێکی مەدەنی و نووسەرێکی کورد کە هەگبەی بەڕێزتان پڕە لە ئەزموون و بەرهەم، چۆن دەڕواننە ئەم ڕۆژە مێژووییە؟ ڕاسپاردەتان بۆ ڕۆژنامەنووسان چییە؟

عادڵ محەمەدپوور- خوشحاڵم لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، دووی گوڵان،ڕۆژی دەرکردنی هەوەڵین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان کە ناسراوە بە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردی، کتێبی ڕابەریی ڕۆژنامە کوردییەکان، پێناسە و هەڵسەنگاندنی بۆ کرا. لەو کتێبەدا ئاماژەیێکی مێژوویم بەو بابەتە کردووە. کۆتایی سەدەی نۆزدە(١٨٩٨ ز)، لە سەر دەستی مێقداد مێدحەت بەدرخان، یەکەم ژمارەیڕۆژنامەی کوردستان لەم ڕۆژەدا بڵاو کرایەوە، ئەم دیاردە بوو بە هۆی وەرچەرخانێکی نوێ بۆ کورد. دەلاقەیێک کرایەوە بۆ نەریتی نویسیاری و فەنی ڕۆژنامەنووسی بە شێوەی سەردەمی و لە فەرهەنگی زارەکی و خێڵەکییەوە بەرەو دیاردەکانی مۆدێڕنیتە هەنگاومان ناوە. ئەلفووبێی کوردی تەشکی تازە و خۆماڵی بە خۆیەوە گرت و زێهنی خوێنەران بەرەو بیرکردنەوە و فێرکاریی زانست و نووسین ئاراستە کراون.

هیوادارم بەم بۆنەوانێ ئەم پەندە ئێستاش ڕەچاو بکرێت، بۆ گەشەی کۆمەڵگەمان، پەرە بدەین بە باریچەندی و چۆنی ڕۆژنامەکان. من کە خۆم خۆڕسک لە سەر دەرک بە نیاز و بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی، کاری ڕۆژنامەوانیم کردوە، لە دنیای هەنووکەدا ئێمە نیازمان بە ڕۆژنامەوانی پڕۆفیشناڵ و ئاکادمی و پیشەیی هەیە کە بتوانێ بەهرەکان و زانیاریەکانی ئەو دنیا پێشکەوتوو و خێراییانە بە مێکانیزمی سەردەمیانەوە بگوێزێتەوە بۆ بەردەنگی بەرەی ئەمڕۆ، واتە هەر دوو بەرەکە دەبێت لەم پێوەندییەدا بە چەکی زانیاری و مێدیای پێشکەوتوو یەک بگرنەوە، چەندە ئەمە بۆ ئێمە بە کردار بکرێت، جێگای پرسیارە، لانی کەم بۆ من.

کوردپرێس- زۆر جار نووسەران و ڕۆشنبیرانی حەوزەی کتێب و نووسین گلەیی لە ڕەوتی چاپ و یاسای بڵاو کردنەوە و کۆپی ڕایت و ئاڵۆزیی بازاڕی کتێب دەکەن. ئایا بەڕێزتان هیچ بەو بابەتانەوە ماندوو بوون؟ ئایا لایەنی حکوومیی پێوەندیدار لە ئاستی شار، پارێزگا و وڵات بەهانای ئێوەوە هاتوون کە بەرهەمەکانتان بەشێوازێکی شایستە بڵاو بکرێتەوە؟

عادڵ محەمەدپوور- وەک دەزانین دنیای نووسین بە تایبەت ئەوەی کە پێوەندیی بە زمان و هزرەوە هەیە، دنیایێکی سەمەرە و بەربڵاوە و لە هەمان کاتدا قورس و پڕ بایەخ. ئەم دوو دیاردە پێوەندییان بە داهێنان و خوڵقاندنەوە هەیە، داهێنانیش ورە و وزەی زۆری ئەوێت کە بچێتە نێو فەزای هێرمنۆتیک و سپیەتی بۆشایی دەقەوە. لە دەقێکی کارادا بێ گومان نیشانەکان بۆ واتابەخشین بە سانایی خۆیان بە دەستەوەنادەن و پێویستی بە ڕیازەت و خۆ ماندوو کردن و سلووک و بەرپرسیارەتی نووسینەوە، هەیە.

لەم پێوەندییەدا نووسەر پێویستی بە زەمینەی مادی و مەعنەویی زۆرتر و پتر هەیە کە کەش و هەوایێکی لە باری بۆ داهێنان بڕەخسێ. لە ماوەی دوو دەهە لە نووسین و چالاکیی ئەدەبی و ڕۆژنامەنووسیدا، تا ئێستا بە نموونە نەبووە و نەکراوە کە تاکەکەسێکی ئیداری بەرپرس و... ئاوڕ لە کێشە پێوەندیدارەکانی نووسین بداوەتە و لانی کەم سەرزارەکیش دەسخۆشانەی بوتبا.

قەیران بە تەواو مانا لە هەموو ئاقار و دەراوێکدا شەپۆلان دەدات: قەیرانی چاپ و یاسای بڵاوکردنەوە، کۆپی ڕایت و پێشێل کردنی مافی نووسەر، ئاڵۆزیی بازاڕی کتێب، قەیرانی خوێنەر، قەیرانی خودی نووسەر و نەبوونی پسپۆڕی لە بواری نووسین و... ئەم فەزا ئاڵۆزە وای کردوە کە زەینی نووسەر ئیزوولە و داخراو بمێنێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەڵ نووسین و داهێنان مەودا بگرێت.

کوردپرێس- پێوەندیی قووڵی زمانی و کەلتووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕۆح و معنەویاتی خەڵکی ئێمە و هەرێمی تا ئاستی یەک بوون لێک نزیک کردۆتەوە. ئایا لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشنیار، ئاسانکاری یان زەمینە خۆش کردنێک بووە بۆ بەرهەماکانتان؟ (بە ئەهلی و حکوومی و حیزبییشەوە مەبەستمە)

عادڵ محەمەدپوور- بێ گومان زەمینەی ڕۆحی و کەلتووری و زمانیی ڕووناکبیرییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوە بۆ نزیک بوونەوەی دوو پارچەی ئەم دیو و ئەو دیو. ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە دام و دەزگای چاپ و بڵاوبوونەوەی هەرێم بە هانای نووسەرانی ئەم دیوەوە بهاتبان، ئەڵبەت لەم ڕاستادا هەنێ کاریش کراوە، دەبێ دانیان پێدا بنێین. بەڵام زۆربەیان بە داخەوە بەسراونەتەوە بە چەشنی پێوەندی و ڕەفاقەت و کاکە و مامە کردن و دیاردەکانیترەوە. لانی کەم لە پێوەندی لە گەڵ خۆمدا وەک کارەسات ئەمە ڕووی داوە. تا ئێستا چەند کتێبم چاپ کراوە وەک پاداش و باری مادی هیچ کە قازانجێکم نەکردوە و دەستی ماندووم بە سەر زگی برسییەوە ناوە!!. چەندین ساڵ لەمەو پێش لە سەر بڕوا و متمانە بە تاکە کەس کتێب و وتارم داوە کە چاپی کەن، کتێبەکە چاپ بوە و تا ئێستا نە ئەو بڕە کتێبەم بینیوە کە دەبێ بیدەنەوە نووسەر و نە ئەو بڕە پارەیە کە دەبوا وەک پاداش بە نووسەر بدرابا. دەی ئەمەش ئەو سەرچاوەیە کە بڕێ کەس بە باوانی دەزانن.؟؟!

کوردپرێس- لە نێو بەرهەمەکانی عادڵ محەمەدپووردا بەرهەمی فارسی و کوردیی سۆرانی و هەورامیش دەبینرێت ئەو هۆکارانەی قەناعەت بە بەڕێزتان دەهێنێت کە بەرهەمێکتان فارسی بێت یان کوردیی سۆرانی یان هەورامی، چین؟

من زمان و نووسین بە دنیایێکی بەربڵاو دەزانم، هیچ بازنە و قۆرخ کردنێک بۆ ئەم دیاردە قایل نیم. بە هەر زمانێک بتوانم دەنووسم، ئەوەی بە لامەوە جێگای بایەخە، پێوەندیی هزری و ڕۆحیی خۆمە بە دنیای دەرەوە و ئامانجە ڕەواکانی ئینسانی، مادام سووژەیێک بتوانێ ڕۆحی ماندووم بحەسێنێتەوە و چێژم پێ ببەخشێ و چێژیش بە ئەویتر ببەخشم، بە هەر زمانێک بێ، بە گرنگی نازانم. ئەگەرچی زۆربەی ئەولەویەتی نووسینم دراوە بە زمانی دایکی و ئەنجا زمانی پێوەندی و پاشان زمانی ڕەسمیم.

* عادڵ محەمەدپوور لە دایک بووی ساڵی 1336 لە شاری مەریوانی کوردستانی ئێران ماوەی چەندین ساڵە وەکوو نووسەر و هەڵسووڕاوێکی مەدنی کاری لێکۆڵینەوە و وانە وتنەوە و ڕۆژنامەگەری دەکات و نموونەی بەرچاوی هەڵسووڕاویی ناوبراو گۆڤاری زرێبارە کە خاوەن ئیمتیازێتیی ئەو گۆڤارەی لە ئەستۆیە و سەرەڕای ئەو دژوارییانەی خودی نووسەر باسی کردووە چەند کتێبی توێژینەوەییی لە چاپ داوە و چوار بەرهەمی نوێی نووسەر ڕۆژی دووی گوڵان هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەنوسیی کوردیدا لە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان پەردەی لە سەر لادرا و خوێندرایەوە. بەرهەمە نوێکانی محەمەدپوور بریتین لە:

١- طرح؛ جریان شناسی شعر هەورامی از ابتدا تا کنون

٢- دیمانە

٣-چەکەریای حەزێ تازێ و عومرێ جادە

٤-راهنمای مطبوعات کردی

دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی/ بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

News Code 13521

Your Comment

You are replying to: .
captcha