بهپێی ههواڵی کوردپرێس، سێ کەس کە 96 رۆژ بوو لەژێر دەستی داعشدا بوون، لەلایەن دژەتیرۆرەوە رزگارکران، دژەتیرۆر ئەو کەسانەی وەک پێشمەرگەی دیل ناساندوووە، بەڵام پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە ئەو سێ کەسە بۆ بژێویی ژیان و کۆکردنەوەی ئاسن رێیان کەوتووەتە ناوچەکانی دەسەڵاتی داعش لە سنووری زنانە.
بەپێی میدیای یەکێتی، 96 رۆژ پێش ئێستا سێ پێشمەرگەی دیل بە ناوەکانی (هەردی عەدنان، محەممەد حەسەن و شوان کەریم) کە خەڵکی گەرمیانن، لەلایەن چەکدارانی داعش دەستگیر کراون، ئەمڕۆ یەکشەممەش 22ی نیسان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی دووبز رزگارکراون و پاشان بە خێزانەکانیان شاد کراونەتەوە. میدیای یەکێتی لەگەڵ هەواڵەکە وێنە و ڤیدیۆی سێ پێشمەرگەکەی بڵاو کردۆتەوە و خۆیشیان کە پرچ و ریشێکی درێژیان هەیە و ماندوو دیارن، قسە دەکەن.
دژەتیرۆر رایگەیاندوووە: "لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا چەندین جار هەوڵ دراوە لە ئۆپەراسیۆنێكدا ژیانی ئەو 3 پێشمەرگەیە رزگار بكرێت، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان نەتوانراوە ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام بدرێت، دواجار ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەنێو جەرگەی داعشدا لە نزیک دووبز، توانراوە سێ پێشمەرگە دیلەکە رزگار بكرێن". جگە لەو زانییارییە، وردەکاریی چۆنێتی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنەکە و رزگارکردنیان لە لایەن دژەتیرۆرەوە روون نەکراوەتەوە.
یەکێک لە هاونیشتمانییەکان لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات و دەڵێت: "من ناوم شوان کەریم محەممەدە، هەستێکی زۆر خۆشمان هەیە، 96 رۆژ لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدا بووین، لەو ماوەیە چاومان بەسترابوو و هیچمان نەدەبینی، ئێستا کە دونیا دەبینین، لەدوای 96 رۆژ یەکەم جارمانە، ئێمە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا رەزالەتێکی زۆرمان بینی".
یەکێکی دیکەیان دەڵێت: "من ناوم محەممەد حەسەن ئەحمەدە، 96 رۆژ بوو چاومان بەسترابوو، هیچمان نەدەبینی، ئیتر خۆشحاڵم". سێیەم کەس کە ناوی هەردی عەدنانە، دەڵێت: "نازانم چۆن هەستم دەربڕم، 96 رۆژ نە دایک، نە باوک و نە منداڵ هیچ شتێک نەبینی، زۆر خۆشحاڵم".
لە دوای کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی خاکی عێراق لەدەست داعش لە هاوینی 2017 دا، پاشماوەی چەکدارانی رێکخراوەکە لە چەند گرووپێكدا خەریكی خۆڕێكخستنەوەن و ناوەناوە چالاکی ئەنجام دەدەن، تا وەکوو ئێستاش چەندین کەسیان کوشتوون و خەریكە دەبنەوە مایەی هەڕەشە لەسەر ناوچەكە، یەكێک لەوان گرووپی "ئاڵا سپییەكان"ە كە لە چیای حەمرین جێگیرن و لەوێشەوە هێرشەكانیان بۆ سنوورەکانی خورماتوو، داقووق، خانەقین و ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.
رووداوەکانی کۆتاییی ساڵی رابردوو بەتایبەت هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رێگەیان خۆش كرد بۆ ئەوەی داعش شوێنی خۆی لە ناوچەكەدا قایم بكات. پێش هێرشەكانی 16ی ئاکتهوبر پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەكانی حەمرین بەردەوام لە گەڕاندا بوون، بەڵام دوای کشانەوەیان بۆشاییێكی ئەمنی لە ناوچەكە دروست بوووە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment