له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌کانی دابه‌زینی ده‌نگی کورد له‌ که‌رکووک هۆشدار ده‌ده‌رێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌ که‌رکووک که به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردن کردوووه‌ ده‌ڵێن ده‌نگدان چاره‌نووسی شاره‌كه‌ یه‌کلایی ده‌کاته‌وه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی ده‌ده‌ن که‌ کار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌ركووک بکه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ئێستا له‌ ڕووی دانیشتوانه‌وه‌ کورد زۆرینه‌ی شاره‌که‌ پێکده‌هێنێ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان مه‌ترسیان هه‌یه‌ پێگه‌ی کورد لاواز بێت و ده‌نگه‌کانیان که‌م بێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌نگی پێکهاته‌کانی دیکه‌ زیاد بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا کاندیدی یه‌کێتی له‌ که‌رکووک به‌ كوردستان 24ی ڕاگه‌یاند: "ده‌بێ ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ بگۆڕین، ئه‌مه‌ش ته‌نھا به‌ ده‌نگدان ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ ده‌بینین نه‌یاره‌كانمان له‌ نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌یانه‌وێت له‌ شاره‌كه‌ بمانسڕنه‌وه‌."

ناوبراو ده‌شڵێت: هێشتا لای به‌شێک له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی به‌غدا به‌ چاره‌سه‌ری دۆخی که‌رکووک‌ ده‌زانن به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که‌ پێکهاته‌ی کورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌بێت به‌ که‌مینه‌ و ئه‌مه‌ ترسی زۆربه‌ی لایه‌نه‌ کوردییه‌کانه‌ له‌و شاره‌.

له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ میقداد فه‌یزوڵڵا کاندیدی سه‌ربه‌خۆ و سه‌رۆکی ڕه‌وتی که‌رکووک به‌ كوردستان 24ی وت: "ئه‌گه‌ر كورد له‌م ھه‌ڵبژاردنه‌ له‌ که‌رکووک شكست بێنێ، ده‌بێ به‌ڵگه‌یێک به‌ ده‌ست نه‌یاره‌كانی و له‌ دژی به ‌كار ده‌ھێندرێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ دواتر وه‌ک سه‌رژمێری ھه‌ژماری بكه‌ن و بڵێن كورد كه‌مینه‌یه."

له‌ که‌رکووک زیاتر له 300 کاندید کێبڕکێ له‌سه‌ر به‌ ده‌ست هێنانی 12 كورسی په‌رله‌مانی عێراق ده‌که‌ن و کورد به 6 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا کردوووه‌ و ڕه‌نگه هیچ کاتێک وه‌کوو ئێستا نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌ستی به‌ لاوازی نه‌کردبێت له‌و شاره‌ بۆیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان ترسیان له‌ پێگه‌ی خۆیان هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13483

Your Comment

You are replying to: .
captcha