بەپێی هەواڵی کوردپرێس حاجی مامۆستا مستەفا شیرزادی وتاربێژی ئایینیی شاری مەریوان لە نوێژی هەینیی ئەمڕۆ 20 نیساندا تیشکی خستە سەر کێشەی داخرانی مەرزە لاوەکییەکان و داوای لە بەرپرسان کرد خەمسارد نەبن برانبەر بە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەیان.
مامۆستا شیرزدای داوای لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد زوو بە زوو تەگبیرێک بۆ کرانەوەی ئەو مەرزانە بکەن چوونکە بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بەستراوە بە مەرزەکانەوە و ئەرکی سەر شانی بەرپرسانە کە هەر بڕیارێک دەدەن بەرژەوەندی و ژیانی هاووڵاتییانیان ئیهمال نەکەن.
ناوبراو زیادی کرد: بڕیاری کردنەوەی مەرزەکان لە دەسەڵاتی بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای کوردستان نییە بەڵکوو دەبێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و لە ئاستی بەرزی نەتەوەییدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت.
مامۆستا شیرزادی بەرپرسانی وڵاتی کردە بەردەنگ و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت بەرپرسانی حکوومی بە شێوازێک بڕیار بدەن کە ناڕەزایی گەلی لێنەکەوێتەوە چوونکە بژێوی ژیانی دانیشتوانی سەر سنوورەکان بەستراوە بەو مەرزانەوە.
شیاوی ئاماژەیە پاش ئەوەی بڕیاری داخرانی مەرزە لاوەکییەکان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە درا و ڕسووماتی هاوردە کردنی کاڵا زیاد کرا کاسبکارانی سێ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و بەتایبەت دانیشتوانی شارە مەرزییەکانی پارێزگای کوردستان دووکان و بازاڕەکانیان داخست و مانیان گرت و داوای کرانەوەی مەرزەکان و داشکاندنی ڕسووماتی هاوردە کردنی کاڵا لە گومروگ دەکەن.
هەر بەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەعید جەلیلی نوێنەری ئایەتوڵڵا خامنەیی سەردانی دوو شاری مەریوان و بانەی کرد بەڵام تا ئەم کاتە هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە دەر نەکراوە و مانگرتنی کاسبکارانی مەریوان، بانە، جوانڕۆ و پیرانشار هێشتا بەردەوامە.
Your Comment