شاندێکی حکوومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی ئه‌مریکایان کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێکی حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆکایه‌تیی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ به‌ ئامانجی گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق سه‌ردانی ئه‌مریکایان کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 18ی نیسان ماڵپه‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریمی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: شاندێکی هه‌رێمی کوردستان که‌ پێکهاتبوون له‌ فوئاد حوسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌نده‌ییه‌ ده‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌مریکا سه‌ردانی ویڵ هێرد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریکا له‌ واشنتۆنیان کرد.

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا قسه‌ له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ هاوئاهه‌نگیی نێوان ئه‌مریکا و هه‌رێمی کوردستان کرا و هاوکات چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌ وه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و ئاسته‌نگه‌ سیاسی، ئابووری و مرۆیییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دوای تێکشکاندنی داعش تاوتوێ کران."

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ڕۆژی شه‌ممه‌ 22ی گوڵان/ 12ی مه‌ی به‌ڕێوه‌ بچێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13378

Your Comment

You are replying to: .
captcha