به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رنامه‌کانی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاده‌گه‌یێنێت و جه‌خت له‌سه‌ر پیاده ‌كردنی ده‌ستوور و فیدڕاڵیزم، پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت به‌پێی پره‌نسیپی شه‌راکه‌ت و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق و پاراستنی مافی هه‌موو ئیتنیکه‌کان ده‌کاته‌وه‌ و داوای به‌شداریی هه‌موو خه‌ڵک له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌رکردایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی به‌رنامه‌کانی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاده‌گه‌یێنێت که‌ بڕیاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 22ی گوڵان/ 12ی مه‌ی به‌ڕێوه‌ بچێت و جه‌خت له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردن وه‌کوو پڕۆسه‌یێکی دیموکراتیک ده‌کاته‌وه‌.

له‌ به‌رنامه‌کانی پارتیدا هاتوووه‌: ئه‌م حیزبه‌ هه‌میشه‌ مافی خه‌ڵكی کوردستانی له‌ پێش هه‌موو شتێکه‌وه‌ داناوه‌. خه‌بات ده‌كه‌ین پێگه‌ی کورد و كوردستان له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ به‌هێز بێت. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پارته‌کانی دیکه‌ی عێراقدا کار ده‌که‌ین که‌ هه‌مان تێڕوانینیان له‌سه‌ر عێراقی فیدراڵ هه‌یه‌ و باوه‌ڕیان به‌ پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ڕه‌نگییه‌.

پارتی کار ده‌کات بۆ پاراستنی مافی کورد و کوردستانیان. ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ ئه‌و مافانه‌ به‌ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ مافی هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌پارێزرێت. عێراق ئه‌وکاته‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت که‌ حکوومه‌تی فیدراڵی ڕێز له‌ ده‌ستوور و فیدراڵیزم و ده‌سه‌ڵاتی یاسا و فره‌ڕه‌نگی هه‌موو پێكهاتاكان‌ بگرێت که‌ له‌ عێراقدا ده‌ژین.

پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ تێكۆشان و دیالۆگی جدی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایێک بۆ تێگه‌یشتن له‌ مافی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان به‌ شێوازی ئاشتییانه‌ و بۆ به‌دیهێنانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری و مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ بۆ گه‌لی كوردستان.

په‌یمان ده‌ده‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی به‌رنامه‌ی کاری ئێمه‌دا ده‌بن له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا:

1. پاراستنی ماف و ئازادییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی به‌هێز.

2. وێڕای قه‌درزانین و پێزانینی پارتی بۆ خۆڕاگری و ته‌حه‌مولی خه‌ڵكی كوردستان به ‌گشتی و مووچه‌خۆران به ‌تایبه‌تی، پێداگری و هه‌وڵه‌كان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ داهاته‌كانی عێراق و كۆتایی هێنان به‌و غه‌دره‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كرێ له‌ بواری بودجه‌ و مووچه‌ و شایسته‌ دارایییه‌كان.

3. پیاده ‌كردنی ده‌ستوور به‌ ته‌واوی ماده‌ و بڕگه‌كانییه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ زامنی به‌رده‌وامیی یه‌كگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی خاک و گه‌ل و سه‌روه‌ریی عێراقه‌ و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ق و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پرنسیپه‌كانی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق داڕێژراوه‌.

4. جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوبردی ماده‌ی سه‌دوچل (140) به‌ ئاساییه ‌كردنه‌وه‌ و سه‌رژمێری و راپرسییه‌وه‌ و كۆتایی هێنان به‌ ره‌وشی ناجۆری که‌رکووک و كۆی شار و شارۆچكه‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ته‌واوی زیان لێكه‌وتوووانی ڕووداو و شاڵاوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.
5. پاراستنی سیسته‌می كۆماریی ئیتیحادیی دیموكراتیی فره‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیی موئه‌سساتی به‌ر مه‌بنای شه‌راكه‌ت و هاووڵاتی بوونی یه‌كسان.

6. عێراق وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزای جیاوازه‌، ده‌بێ‌ رێز له‌ جیاوازییه‌كان بگیرێت و ئازادییان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئه‌و جیاوازییانه‌ ببنه‌ خاڵی به‌هێزی وڵاته‌كه‌ و، ئیرهاب و گوشاری كه‌ به ‌مه‌به‌ست دروست ده‌كرێت به‌ ئامانجی كۆچ پێكردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، كۆتایی پێ بێت.

7. دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی و ده‌رچواندنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ ده‌ستووردا بنه‌مایان داڕێژراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووان.

8. پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیری و ئاسایشه‌ دابینكراوه‌ی ساڵانێكه‌ به‌ هیمه‌تی رۆڵه‌كانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان هاتۆته‌ كایه‌وه‌.

9. بۆ ئاشته‌واییێكی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ری و پێكه‌وه‌ژیانی ڕاسته‌قینه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كۆی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتوووه‌كانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان، هه‌روه‌ها هه‌وڵی فراوان بۆ هاوكاری كردنی قوربانیانی جینۆساید و سزادانی تاوانبارانی جه‌نگ.

10. بێلایه‌نی سوپای عێراق و هه‌یكه‌له‌ و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بێت، هه‌روه‌ها رێگری كردن له‌ میلیتاریزه ‌كردنی كۆمه‌ڵگا.

11. هاوكاری دادپه‌روه‌رانه‌ و دانپێدانان به‌ پێشمه‌رگه‌ و دابین كردنی ماف و پێداویستیه‌كانی له‌ هه‌موو ڕوویێکه‌وه‌ كه‌ به‌ ئازایه‌تی و خۆڕاگری و پێشكه‌ش كردنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار كوردستان و عێراق و جیهانیشیان له‌ تیرۆریستان پاراست.

12. بۆ چاكسازی ئابووری و داراییی بنه‌ڕه‌تی كه‌ عێراق له‌ داڕووخانی ئابووری قورتار بكات.

13. بۆ ڕیفۆرمێكی سیاسی و ئیداری گشتگیر كه‌ ڕێز و سه‌روه‌ریی بۆ دامه‌زراوه‌ نیشتمانییه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سته‌به‌ر بكات.

14. داكۆكی كردن له‌ مافه‌ سیاسی و ئیداری و كولتوورییه‌كانی توركمان، كلدان، سریان، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن مافی كوردانی ئێزدی و فه‌یلی.

بۆ كۆی ئه‌و ئامانجانه‌ و ده‌سته‌به‌ر كردنی ته‌واوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و هه‌ڵگرتنی سزا و هه‌ڕه‌شه‌كانی ‌سه‌ر كوردستان، هه‌ڵبژاردن ‌ له‌ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێكدا به‌ میكانیزم و ڕێگه‌یێكی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموكراتییانه‌ ده‌زانین‌ بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانی كورد و كوردستانیان.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13333

Your Comment

You are replying to: .
captcha