به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی کوردستان به سه‌رکردایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی به‌رنامه‌کانی خۆی له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاده‌گه‌یێنێت که بڕیاره ڕۆژی شه‌ممه 22ی گوڵان/ 12ی مه‌ی به‌ڕێوه بچێت و جه‌خت له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌شداریی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردن وه‌کوو پڕۆسه‌یێکی دیموکراتیک ده‌کاته‌وه.
له به‌رنامه‌کانی پارتیدا هاتوووه: ئه‌م حیزبه هه‌میشه مافی خه‌ڵكی کوردستانی له پێش هه‌موو شتێکه‌وه داناوه. خه‌بات ده‌كه‌ین پێگه‌ی کورد و كوردستان له عێراق و ده‌ره‌وه به‌هێز بێت. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پارته‌کانی دیکه‌ی عێراقدا کار ده‌که‌ین که هه‌مان تێڕوانینیان له‌سه‌ر عێراقی فیدراڵ هه‌یه و باوه‌ڕیان به پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ڕه‌نگییه.
پارتی کار ده‌کات بۆ پاراستنی مافی کورد و کوردستانیان. ئێمه باوه‌ڕمان وایه ئه‌و مافانه به دڵنیابوونه‌وه له مافی هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌پارێزرێت. عێراق ئه‌وکاته سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت که حکوومه‌تی فیدراڵی ڕێز له ده‌ستوور و فیدراڵیزم و ده‌سه‌ڵاتی یاسا و فره‌ڕه‌نگی هه‌موو پێكهاتاكان بگرێت که له عێراقدا ده‌ژین.
پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له تێكۆشان و دیالۆگی جدی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایێک بۆ تێگه‌یشتن له مافی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان به شێوازی ئاشتییانه و بۆ به‌دیهێنانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری و مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و مافه ڕه‌وایه بۆ گه‌لی كوردستان.
په‌یمان ده‌ده‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه كه له ئه‌وله‌وییه‌تی به‌رنامه‌ی کاری ئێمه‌دا ده‌بن له په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا:
1. پاراستنی ماف و ئازادییه ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی به‌هێز.
2. وێڕای قه‌درزانین و پێزانینی پارتی بۆ خۆڕاگری و ته‌حه‌مولی خه‌ڵكی كوردستان به گشتی و مووچه‌خۆران به تایبه‌تی، پێداگری و هه‌وڵه‌كان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له داهاته‌كانی عێراق و كۆتایی هێنان به‌و غه‌دره‌ی چه‌ندین ساڵه له گه‌له‌كه‌مان ده‌كرێ له بواری بودجه و مووچه و شایسته دارایییه‌كان.
3. پیاده كردنی ده‌ستوور به ته‌واوی ماده و بڕگه‌كانییه‌وه كه تاكه زامنی به‌رده‌وامیی یه‌كگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی خاک و گه‌ل و سه‌روه‌ریی عێراقه و پابه‌ندبوون به ده‌ق و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كه له‌سه‌ر پرنسیپه‌كانی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق داڕێژراوه.
4. جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوبردی ماده‌ی سه‌دوچل (140) به ئاساییه كردنه‌وه و سه‌رژمێری و راپرسییه‌وه و كۆتایی هێنان به ره‌وشی ناجۆری که‌رکووک و كۆی شار و شارۆچكه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ته‌واوی زیان لێكهوتوووانی ڕووداو و شاڵاوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.
5. پاراستنی سیسته‌می كۆماریی ئیتیحادیی دیموكراتیی فره‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیی موئه‌سساتی به‌ر مه‌بنای شه‌راكه‌ت و هاووڵاتی بوونی یه‌كسان.
6. عێراق وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزای جیاوازه، ده‌بێ رێز له جیاوازییه‌كان بگیرێت و ئازادییان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئه‌و جیاوازییانه ببنه خاڵی به‌هێزی وڵاته‌كه و، ئیرهاب و گوشاری كه به مه‌به‌ست دروست ده‌كرێت به ئامانجی كۆچ پێكردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، كۆتایی پێ بێت.
7. دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی و ده‌رچواندنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له ده‌ستووردا بنه‌مایان داڕێژراوه، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووان.
8. پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیری و ئاسایشه دابینكراوه‌ی ساڵانێكه به هیمه‌تی رۆڵه‌كانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان هاتۆته كایه‌وه.
9. بۆ ئاشتهواییێكی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ری و پێكه‌وه‌ژیانی ڕاسته‌قینه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كۆی ناوچه زیان لێكهوتوووهكانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان، هه‌روه‌ها هه‌وڵی فراوان بۆ هاوكاری كردنی قوربانیانی جینۆساید و سزادانی تاوانبارانی جه‌نگ.
10. بێلایه‌نی سوپای عێراق و هه‌یكه‌له و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به گوێره‌ی مادده و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بێت، هه‌روه‌ها رێگری كردن له میلیتاریزه كردنی كۆمه‌ڵگا.
11. هاوكاری دادپه‌روه‌رانه و دانپێدانان به پێشمه‌رگه و دابین كردنی ماف و پێداویستیه‌كانی له هه‌موو ڕوویێکه‌وه كه به ئازایه‌تی و خۆڕاگری و پێشكه‌ش كردنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار كوردستان و عێراق و جیهانیشیان له تیرۆریستان پاراست.
12. بۆ چاكسازی ئابووری و داراییی بنه‌ڕه‌تی كه عێراق له داڕووخانی ئابووری قورتار بكات.
13. بۆ ڕیفۆرمێكی سیاسی و ئیداری گشتگیر كه ڕێز و سه‌روه‌ریی بۆ دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سته‌به‌ر بكات.
14. داكۆكی كردن له مافه سیاسی و ئیداری و كولتوورییه‌كانی توركمان، كلدان، سریان، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن مافی كوردانی ئێزدی و فه‌یلی.
بۆ كۆی ئه‌و ئامانجانه و ده‌سته‌به‌ر كردنی ته‌واوی مافه ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و هه‌ڵگرتنی سزا و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كوردستان، هه‌ڵبژاردن له هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێكدا به میكانیزم و ڕێگه‌یێكی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموكراتییانه ده‌زانین بۆ داكۆكی له مافه‌كانی كورد و كوردستانیان.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment