بەپێی هەواڵی کوردپرێس ستێفان دوجاریک وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان وتوویەتی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR) نیگەرانە لە ڕەوشی دەیان هەزار ئاوارەی غووتەی ڕۆژهەڵات و ئاماری پەنابەران و بێ ماڵ و حاڵانی ئەو ناوچەیە بۆ زیاتر لە 133 هەزار کەس لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دەخەمڵێنرێت.
ناوبراو هەروەهاش سەبارەت بە دەنگۆی کیمیاباران کردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە وتی ئانتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ڕێکخراوی قەدەغەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی کردووە تاوتوێی بابەتەکە بکات و هەر چەشنە ڕادەربڕینێک لەو بارەیەوە پێویستی بە بەدواداچوون و دیراسە کردنی ورد هەیە.
ئەو وتانەی ستێفان دووجاریک وتەبێژی نەتەوەیەکگرتوویەکانیش هەر لە وەڵامی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای سووریاوە بوو و بەڕای دوجاریک هەر چەشنە ڕادەربڕینێک لەو بارەیەوە پێویستی بە تاوتوێ کردنی بابەتەکە هەیە.
شیاوی ئاماژەیە چەند میدیایێکی نزیک لە سەربزێوانی سووری ڕایانگەیاندبوو کە دەوڵەتی سووریا لە غووتەی ڕۆژهەڵات چەکی کیمیاییی بەکارهێناوە و بەو هۆیەشەوە چەند کەس گیانیان لە دەست داوە و دەیان کەسیش بریندار بوون.
لە لایێکی تریشەوە سوپای سووریا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردۆتەوە و وتوویەتی پسپۆڕانی و کارناسانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجیکی چوونەتە ناوچەکە بەڵام هیچ نیشانەیێکی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی وەدی نەکراوە.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ئیرنا
Your Comment