بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندەکە لە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە و سێ پەرلەمانتاری پارتەکە، فەلەکناس ئوجا، ئیمام تاشچیئەر و عوسمان بایدەمیر پێکدێت.
شاندەکە لە کاژێر 3:00ی بەرەبەیان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکان و ئەحمەد کانی بەرپرسی لقی دووی پارتی و هەروەها ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازییان لێکرا.
یەکەم دیداری شاندەکەی هەدەپە رۆژی شەممە 7ی ئەیپرێڵی 2018 لەگەڵ مەسعوود بارزانی دەبێت. دواتریش کاژێر 15:00 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
هەروەها رۆژی یەکشەممە 8ی ئەیپرێڵی 2018، هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە لەگەڵ حیزبی شیوعی، یەکگرتووی ئیسلامی ، زەحمەتکێشان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆ دەبنەوە.
رۆژی دووشەممە شاندەکەی هەدەپە دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادی کۆ دەبێتەوە.
لە دیدارەکاندا باس لە دۆخی کورد لە ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە دەکرێت، چەند پرسێکی دیکەش دەخرێنە بەر باس.
ئایهان بیلگەن، گوتەبێژی هەدەپە لەکاتی ئاشکرا کردنی هەواڵەکدا بەپێویستی زانی هاوئاهەنگی لە نێوان هەدەپە و پارتە کوردستانییەکاندا زیاتر بکرێت.
دواتر عەلی ئاتڵانم، پەلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، پارتەکەیان بە رۆحێکی کوردانەوە چالاکی دەکات، بەباشی دەزانێت بۆ یەکدەنگیی کورد نێوەندگیریی نێوان لایەنەکان بکات.
هەروەها سەرتاچ بوجاک، سەرۆکی پەدەکە باکوور بەپێویستی دەزانێت هەدەپە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتەکانی هەرێمی کوردستان باش بکات و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هەڵوێستەکان دیار بن.
دوای ئەنجام دانی دیدارەکان، شاندەکەی هەدەپە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 9ی ئەیپرێڵ لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە تورکیا.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment