ئه‌مریکا هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم دابه‌زێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕۆژنامه‌ی "القدس العربی"ی له‌نده‌ن له‌ ڕاپۆرتێکدا نووسیی: ئه‌مریکا له‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان ناڕازییه‌ و هه‌وڵ ده‌دات ڕێگری ئه‌وان بێت له‌ پاوانخوازی له‌ ده‌سه‌ڵات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژنامه‌ی "القدس العربی" ده‌نووسێت: ئه‌مریکا له‌ دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان (دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان) به‌ هۆی شێوازی ئیداره‌ی هه‌رێم و تاکڕه‌وی له‌ ده‌سه‌ڵات ناڕازییه‌، بۆیه‌ پێی وایه‌ که‌ ده‌بێ ڕکابه‌رییێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێگری له‌و تاکڕه‌وی و پاوانخوازیانه‌ و هه‌وڵ بۆ به‌شداریی ئۆپۆزسیۆنی کوردی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ڕێگری له‌ ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتووی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت.

ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ شوان فارس شرۆڤه‌کاری سیاسیی کوردی عێراق وێڕای ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنێکی چاره‌نووسساز ده‌بێت، زیاد ده‌کات: ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان ده‌خاته‌ ڕوو که‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا سه‌ره‌ڕای ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی که‌ له‌ باره‌ی ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن و کڕینی ده‌نگی هاووڵاتییان خراوه‌ته‌ پاڵ و به‌تایبه‌ت پاش داگیربوونی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌ عێراق و نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.

شوان فارس جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێستا جۆرێک ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی هاووڵاتییان به‌ سیاسه‌ته‌کانی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق به‌تایبه‌ت پاش قه‌یرانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و له‌ ده‌ستدانی پارێزگای که‌رکووک که‌ کورده‌کان به‌ "قودسی کوردستان" ناوی ده‌به‌ن، بوونی هه‌یه‌.

ناوبراو زیاد ده‌کات: له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان چه‌ند حیزبێکی نوێ له‌وان هاوپه‌یمانی بۆ داد و دیموکراسی به‌ سه‌رکردایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح، یه‌کێک له‌ ڕێبه‌رانی پێشووی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عه‌بدولواحید ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی "به‌ره‌ی نوێ"ی هه‌رێم به‌شدار ده‌بن.

به‌پێی هه‌واڵی "القدس العربی" هێمن خۆشناو نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانی کورد به‌ که‌م زانینی کاریگه‌ریی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌ر دوو پارتی دیموکراتی و یه‌کێتیی نیشتمانی وتی: هه‌ڵبژاردن ناتوانێت کاریگه‌ری دابنێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و نفووزی ئه‌و دوو حیزبه‌؛ چوونکه‌ ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کورسییێکی هه‌ڵبژاردن وه‌ده‌ست بێنن، ده‌توانن کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوه‌ حکوومییه‌کان له‌وان هێزه‌ چه‌کداره‌کان بگرنه‌ده‌ست، چوونکه‌ هه‌ر دوو حیزبه‌که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌.

خۆشناو زیادی کرد: هه‌ندێ له‌ حیزبه‌ عێراقییه‌کان ئێستا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ڕێگای حیزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌ کوردستان به‌ هۆی به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسی له‌ هه‌رێمی کوردستان زه‌بر له‌ پارتی بده‌ن و دژی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌نگۆ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌نگه‌کانیان له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: شیلان محه‌مه‌دی نه‌وه‌ڕه‌

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 13079

Your Comment

You are replying to: .
captcha