به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوکاری کردنمان له‌ سووریا

به‌شی ئێران- وه‌زیری به‌رگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌ردانی ڕووسیای کردوووه‌ و مه‌به‌سته‌که‌شی به‌شداری کردنه‌ له‌ کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆسکۆ. له‌ میانی ئه‌و سه‌ردانه‌شدا له‌گه‌ڵ سێرگه‌ی شایگۆ وه‌زیری به‌رگریی ڕووسیا دیدار و گفتوگۆی کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق حاته‌می وه‌زیری به‌رگریی ئێران له‌و دیداره‌دا جه‌ختی کرده‌وه‌ هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیا له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنی سه‌ربازیی نێوان هه‌ر دوو وڵات که‌ ساڵی 2015 واژۆ کراوه‌ پێشکه‌وتنی باشی بوووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ هاوکاری کردنمان.

ناوبراو زیادی کرد: تا ئه‌و کاته‌ی پرسی تیرۆر له‌ سووریا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و فیدراسیۆنی ڕووسیا به‌رده‌وام ده‌بێت و وه‌فامان ماوه‌ بۆ ئه‌و په‌یمانه‌ی واژۆ کراوه‌.

لای خۆیشیه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی ڕووسیا ڕای‌گه‌یاند: ئێران و ڕووسیا به‌ هاوکاریی یه‌کدی توانییان به‌شێکی فراوانی خاکی سووریا له‌ بنده‌ست تیرۆریسته‌کان ڕزگار بکه‌ن.

سێرگه‌ی شایگۆ زیادی کرد: زۆر ڕه‌هه‌ندی جۆربه‌جۆر هه‌ن که‌ ده‌بێت گفتوگۆیان له‌سه‌ر بکرێت به‌ تایبه‌ت پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان و ژیانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی سووریا ده‌بێت باسی له‌سه‌ر بکرێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو له‌ کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆسکۆ له‌سه‌ر پرسی کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆماری ئێران، ڕووسیا و تورکیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ باس و گفتوگۆ ده‌کرێت.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ حه‌وته‌مین کۆنفڕانسی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی مۆسکۆ له‌سه‌ر ته‌وه‌ری بابه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یییه‌کان سبه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 5ی نیسان له‌ مۆسکۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12998

Your Comment

You are replying to: .
captcha