هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق سه‌نگی مه‌حه‌كه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی به‌شداریی کورده‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ كورد له‌ ناو په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراق و له‌وێشه‌وه‌ داوا كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌لا به‌ختیار ڕای‌گه‌یاند: یه‌كێتی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵه ‌و كه‌موكورتییه‌كان خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان و چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌كانمان. له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ململانێی نێوان لایه‌نه‌كان توند ده‌بێته‌وه‌ و ساڵ به ‌ساڵ له‌ كوردستاندا لیستی تازه‌ دروست ده‌بێت و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش ئه‌وه‌تا له‌ كوردستان دوو لیستی تازه‌ دروست بوون و له‌ عێراقیش چه‌ندین لیست و قه‌واره‌ی نوێ دروست بوووه‌ و كاندیده‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوووه‌.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان وتیشی: ئه‌گه‌رچی وا پێویست بوو له‌ كوردستان به‌ ڕه‌چاوكردنی كۆی ئه‌و كێشه ‌و ململانێ و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، كورد به‌ یه‌کده‌نگی بچوایه‌ته‌ ناو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا بۆیه‌ ئێستا ده‌بینین كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان خراپه ‌و وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو نییه‌.

هاوكات، هیوای خواست هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی ئێستا نه‌بێته‌ هۆكاری نه‌چوون بۆ هه‌ڵبژاردن چوونكه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ كورد له‌ ناو په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق له‌وێشه‌وه‌ داوا كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.

هاوكات له ‌ژێر ڕۆشنایی گۆڕانكارییه‌كان بۆ به‌ئاگابوون له‌ كۆی ڕووداو و پێشهاته‌كان، مه‌لا به‌ختیار روونی كرده‌وه‌: ئێستا بواری میدیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر تاک هه‌یه به‌ جۆرێک هیچ شتێک له‌ خه‌ڵكی ون نابێت بۆیه‌ نابێت ڕه‌چاوی ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌كه‌ین و فه‌رامۆشی بكه‌ین.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات له‌ كۆی ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستان به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه ‌و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌یه‌ ئه‌ركی حزبه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵیدا قورستر ده‌كات و ده‌شڵێت: "گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ ئێستا باس له‌ نه‌مانی ده‌كرێت ده‌بێته‌ ئه‌ركێكی گران و ده‌بێت خه‌باتی بۆ بكه‌ین."

مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی عێراق و په‌یوه‌ندیی نێوان هیزه‌ سیاسییه‌كان وتی: پێگه‌ی عێراق له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانی به ‌سه‌ردا هاتوووه‌ و پێگه‌ی عێراق ئه‌و پێگه‌ی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ری كۆی ڕووداوه‌كان نییه‌ كه‌ به ‌سه‌ری هاتوووه‌ و ئێستا ململانێ و بیر و بۆچوونه‌كان له‌ عێراقدا جیاوازن.

مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ر ڕۆڵ و پێگه‌ی یه‌كێتی ڕای‌گه‌یاند: سه‌رباری هه‌موو ڕه‌خنه ‌و گله‌یییه‌كان، سه‌رباری بوونی گه‌نده‌ڵی و كێشه‌ و گرفته‌كان هێشتا یه‌كێتی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ زه‌روره‌تی مێژووییی خۆی ماوه‌ و خه‌باتی یه‌كێتی بۆ چه‌سپاندنی زیاتری پایه‌كانی دیموكراسی درێژه‌ی هه‌یه و ده‌توانێت زۆرێک له‌ ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتوووه‌كان به‌دی بینێت.

له‌ كۆتاییی مه‌راسیمه‌كه‌شدا مه‌لا به‌ختیار باسی له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارن كرد و وتی: چه‌ند ڕۆژێكی تر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ست پێده‌كات و هه‌ڵبژاردن بۆ دیاری كردنی نوێنه‌رانی كورده‌ له‌ به‌غدا بۆیه‌ ئومێد ده‌كه‌ین بتوانین به‌ نه‌رمی ئه‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڕێ بكه‌ین.

سه‌رچاوه‌: PUKmedia

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12975

Your Comment

You are replying to: .
captcha