بەپێی هەواڵی کوردپرێس یەکەم دانیشتنی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی داد لە ساڵی 97 کۆتایی پێهات و بەوتەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەو دانیشتنەدا چەندین پرسی گرینگی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتی ئێران تاوتوێ کراوە.
ڕۆحانی لەو بارەیەوە وتی لە باری ناوخۆوە پرسی پێڕاگەیشتن بە چینی هەژاری کۆمەڵگا و جووتیاران و ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری باسی لە سەر کرا و لە بارەی پرسە نێودەوڵەتییەکانیشەوە گرینگترین بابەت ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بوو کە قسەمان لە سەر کرد.
ناوبراو زیادی کرد: بڕیارە لە یەکەم سەردانی خۆمدا بچمە تورکیا و دانیشتنێکی سێ قۆڵیم لەگەڵ تورکیا و ڕووسیا هەبێت و لە سەر ڕەوشی گەیاندنی یارمەتیی مرۆییانە بۆ ئاوارەکانی سووریا و هەوڵ بۆ سەقامگیر کردنی ناوچەکە گفتوگۆ بکەین.
ڕۆحانی لە بارەی دوو وڵاتی دیکەوە کە بڕیارە سەردانیان بکات هیچی نەدرکاند بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی ناوچەکە و ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە ناوچەکە ڕوو دەدەن وێ دەچێت یەک لە ئەو وڵاتانەی ڕۆحانی سەردانیان دەکات عێراق بێت.
Your Comment