زۆربەی فەرماندە کوردەکان وازیان لە شەڕی داعش هێناوە

بەشی جیهان- وتەبێژی هاوپەیمانیی دژە داعش ڕای‌گەیاند زۆربەی ئەو فەرماندە کوردانەی لە ڕەقە و دەیرزوور شەڕی دژ بە داعشیان فەرماندەیی دەکرد بەهۆی پێکدادانەکانی عەفرینەوە وازیان لە شەڕی داعش هێناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕایان دیلۆن وتەبێژی هاوپەیمانیی دژە داعش بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا دەڵێت هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین بۆتە هۆکاری ئەوەی فەرماندە کوردەکان بەرەی شەڕی داعش چۆڵ بکەن و هەر ئەمەش ئاستی بەرنگار بوونەوەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریای دابەزاندووە.

ناوبراو ئاشکرای کرد: ڕاشکاوانە دەبێ بڵێم نزیکەی ١٧٠٠ کەس وازیان لە شەڕی دژ بە داعش هێناوە کە زۆربەیان لەلایەن کوردەوە فەرماندەیی دەکران.

سەبارەت بە کاریگەریی چوونی کوردەکان لە بەرەکانی شەڕی دژە داعش ڕایان دیلۆن وتیشی: توانامان بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی بەربڵاو و فشار هێنان بۆ گرووپی تیرۆریستیی داعش سنووردار بۆتەوە و ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانیش کەمی کردووە.

وتەبێژی هاوپەیمانیی دژە داعش وتی ئێستا زۆربەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک عەرەبن و کوردەکان لە کەمینەدان.

شیاوی ئاماژەیە سوپای تورکیا و سەربزێوەکانی سوپای ئازادی سووریا ڕۆژی ٢٠ جانیڤێری هێرش بۆ سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرینیان دەست پێکرد و پاش ٥٨ ڕۆ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون ڕۆژی ١٨ی مارجی ٢٠١٨ شاری عەفرینیان داگیر کرد.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12790

Your Comment

You are replying to: .
captcha