بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای نێونەتەوەییی هەمیشەییی مەدەنی بریتی لە پسپۆڕان و توێژەران و دادوەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی مارس لە پاریس کۆبوونەوەی بەڕێوە برد و وتەی شایەتحاڵانی پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانی لێکدایەوە و بڕیاری خۆی سەبارەی بە جەنایەت بوونی داپەڕەکانی تورکیا لەم بوارەدا دەر کرد. دادگاکە تورکیای تاوانبار زانی لە تووشبوون بە جەنایەتی جەنگی هەم لە ناوخۆی تورکیا و هەم بۆ تیرۆری سێ چالاکوانی کورد لە پاریس و هەم بۆ ئۆپەراسیۆنی دژ بە کانتۆنی کوردنشینی عەفرین لە سووریا.
بە گوێرەی بەیاننامەی دادگاکە، سەرجاوەی جۆربەجۆر شایەتییان داوە لەوەی کە حکوومەتی تورکیا فڕۆکەی جەنگی، تانک و تۆپخانەی دژ بە خەڵکی سڤیڵ بەکار هێناوە و بۆتە هۆی خەسارێکی زۆری مادی و مەرگی ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتیان.
هەر بەپێی بەیاننامەکە هاووڵاتیانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە ئانقەست کراونەتە ئامانج و لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کەیسێک کراوە کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ کەسی مەدەنی بۆ پاراستنی ئامنیەتی خۆیان پەنایان بردۆتە سێ ژێرزەمینی جیاواز و هەر لەوێدا بە ئاگر سووتاون.
دادگاکە پاش دوو ڕۆژ لێکدانەوەی وتەی شایەتحاڵان و تاوتوێی بەڵگەکان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە حکوومەتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە جەنایەتی جەنگیی ئەنجام داوە.
فیلیپە تەکسیر سەرۆکی دادگای مەدەنیی نێودەوڵەتیی هەمیشەیی لە پاریس بە کورتی بڕیاری دادگای بەم شێوەیە ئاراستە کرد: "حکوومەتی تورکیا بەرپرسی جەنایەتی جەنگی نەک هەر لە ناوخۆ بەڵکوو لە دەرەوەی تورکیاشە."
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment