ئاسۆشیتدپرێس: 19 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش لە زیندانەکانی عێراقدان

بەشی جیهان- ئاژانسێکی هەواڵی دیاری ئەمریکا ژمارەی زیندانیکراوان و ئەو کەسانە ئاشکرادەکات، کە لە عێراقدا بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کراون و بەشێکیان هەر لە بیر چوونەتەوە لە کونجی زیندانەکاندا.

کوردپرێس- ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس لە زاری سەرچاوەیێکی حکوومەتی عێراقەوە ئاشکرای کردووە "نزیکەی ١٩ هەزار کەس کە ٣ هەزار کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەناو زیندانەکانی عێراقدا بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش زیندانی کراون".

ئاژانسەکە ئاشکراشی کردووە ئەو زیندانیانە هێشتا توانای ئەوەیان هەیە شانەی نوێ لە ناوخۆیی زیندانەکاندا دروست بکەن.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە ئەمریکییە، تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، ژمارەی زیندانیانی ناو گرتووخانەکانی عێراق گەیشتبووە ٢٧ هەزار و ٨٤٩ کەس، بەڵام بە هەزاران زیندانی دیکە هەیە کە نەخراونەتە ناو ئەو سەرژمێرییەوە، بەو پێیەی لەلای هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای هەواڵگری سەربازی یا خود لای هێزەکانی پێشمەرگە زیندانی کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشییەیتد پرێس، لە ساڵی ٢٠١٣وە ٣ هەزار و ١٣٠ زیندانییان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی تیرۆر، واتە هەموو ڕۆژێک زیاتر لە کەسێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤وە سزای لەسێدارەدانیان بەسەر ٢٥٠ کەسدا جێبەجێ کردووە، دوای ئەوەی تۆمەتی ئەندامێتیی ڕێکخراوی داعشیان دراوەتە پاڵ، لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ کەسیان لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ چەند مانگێک لەمەوبەر هۆشداریدا لە بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی یاسای دژە تیرۆر، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت ئەو کەسانەی کە تۆمەتێکی لاوازیشیان درابێتەپاڵ بۆ ئەندامێتی ڕێکخراوی داعش، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، ئەوە جگە لەوانەیان کە تاوانی قورسیان ئەنجام داوە.

News Code 12772

Your Comment

You are replying to: .
captcha