بهپێی ههواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە توویتەری خۆی نووسیویەتی "بەهێزتر کردنی ئەو پەیوەندییانەی خۆیان بەهێز و درێژخایەنن لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی منن."
تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەهات، کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر رایگەیاند: "پێشوازی لە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم".
سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە توویتەکەیدا راشیگەیاندوووە: فەرەنسا پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەهێز کردنی دیالۆگی نیشتمانی لە عێراق.
رۆژی سێشەممە 13-3-2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی لەسەر هەر دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەڵگرت.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی کرد و راشیگەیاند: کارەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا بۆ چارەسەر کردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبن.
وەک هەوڵێکی نێوەندگیری بۆ چارەسەر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا بانگهێشتی هەر دوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد. لە 2ی کانوونی یەکەمی 2017 ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆ بووەوە و پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق راگەیاند. ماکرۆن دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر هێڵ بوو بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا و رۆژێک دواتریش پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا.
سهرچاوه: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment