سوپای تورکیا سێ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان پێشڕەویی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قایمقامی قەزای سۆران ڕایدەگەیێنێت، ماوەی دوو ڕۆژە سوپای توركیا پێشڕەوی زیاتریان بۆ ناوخاكی هەرێم كردووە و كیلۆمەترێكی دیکە هاتوونەتە ناوچەكەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كرمانج عیزەت، رایگەیاند ماوەی مانگ و نیوێكە سوپای توركیا چەند كیلۆمەترێک هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، لە سەر سنوورەكانی نزیک ناوچەی خواكوڕک لە زنجیرە چیاكانی گوندی ڕووبارۆک بە ئاڕاستەی گەلی ڕەش جێگیربوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد ماوەی دوو ڕۆژە سوپاكە كیلۆمەترێكی دیكە پێشڕەوییان كردووە، ژمارەی هێزەكانیشی زیادی كردووە تا ئێستا ڕوون نیە ئامانجەكەیان چیە.

قایمقامی قەزای سۆران وتیشی: لەو ناوچەیەی سوپای توركیا پێشڕەوی كردووە، هەندێک سەنگەریان زیاد كردووە، لە دیوی تورکیاشەوە بە تانک و تۆپخانە پشتیوانی دەكرێن، بەردەوامیش فڕۆكەكانی بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسوڕێنەوە.

كرمانج عیزەت ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو دۆخە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی زۆری لای خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە چوونكە لەو ناوچەیە چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە لە نێوان سوپای توركیا و هێزەكانی پەكەكە و وایكردووە خەڵكی ئەو ناوچەیە كاروبارییان سست ببێت و نەتوانن ڕوو لە كێڵگەكانیان بكەن.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هەواڵنێر 60113

News Code 12505

Your Comment

You are replying to: .
captcha