ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی خوا بە ئەردۆغانی داوە/ مه‌تین مستۆفی

به‌شی وتار/ تورکیا- پێش هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌کانی ئه‌ردۆغان که‌ ده‌نگێکی بڵندیشیان له‌ میدیاکانی تورکیا هه‌یه‌ باسی فه‌شه‌ل هێنانی ناوبراو ده‌که‌ن به‌ڵام که‌س نازانێت چی ڕوو ده‌دات که‌ هه‌میشه‌ په‌نجا و ورده‌یێک له‌سه‌دی ده‌نگه‌کان ده‌بێت به‌ ناوی ئه‌ردۆغانه‌وه‌.

کوردپرێس- هه‌موو شتێک پاش په‌سه‌ند کرانی یاسایێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌ردۆغان له‌لایه‌ن حیزبی خۆش‌بژێوییه‌وه‌ ده‌ست پێکرا. ساڵی 2002 ئه‌ردۆغان نوێنه‌ری سێرت بوو له‌ په‌رله‌مانی تورکیا. ناوبراو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ریی به‌ سه‌ردا سه‌پابوو نه‌یده‌توانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیرانی تورکیا که‌ حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆغان به‌ دوایه‌وه‌ بوو مسۆگه‌ر بکات. پارتی خۆش‌بژێوی که‌ زۆرینه‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو یاسایێکی په‌سه‌ند کرد و به‌و شێوازه‌ له‌مپه‌ره‌کانی پێش ڕێگای ئه‌ردۆغانی سڕییه‌وه‌ و ناوبراو پاڵی دا به‌ کورسیی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌مه‌ له‌ تورکیا. له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا ناوبراو هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی دووهه‌م نه‌بوووه‌ و به‌پێی ئه‌و نه‌ریته‌ی پارتی خۆش‌بژێوی دایمه‌زراند چه‌ندین جار له‌ ڕێگای گۆڕینی یاساوه‌ ڕێگریی کردوووه‌ له‌ فه‌وتاندنی پۆسته‌که‌ی.

دوایین جار که‌ ئه‌ردۆغان ده‌ستوور و یاسای به‌ قازانجی خۆی گۆڕیوه‌ ساڵی ڕابردووی زایینی بوو که‌ ناوبراو ده‌ستووری تورکیای گۆڕی و به‌و شێوازه‌ش ڕێگای خۆش کرد بۆ ئه‌وه‌ی هاوکات هه‌م سه‌رۆکی پارتی داد و گه‌شه‌ بێت و هه‌م سه‌رۆک کۆماری تورکیاش بێت. جگه‌ له‌وه‌ش به‌ گۆڕینی یاساکه‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری له‌ پۆستێکی فورمالیته‌ هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و کردیه‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می تورکیا و سه‌رله‌به‌ری ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌تانه‌کانی به‌ره‌و خۆی ڕاکێشا.

ئه‌وه‌ به‌ گشتی کورته‌یێک بوو له‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌ردۆغان داویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌ردۆغان ته‌نها به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵکوو هه‌رکات ڕکابه‌رێک له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی تورکیا سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ردۆغان ده‌ستبه‌جێ یاساکه‌ ده‌گۆڕێت و له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاتی داده‌وه‌ ڕکابه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌کاته‌وه‌ کون. نموونه‌ی ئاشکرای ئه‌و هه‌وڵانه‌ش سڕینه‌وه‌ی سیاسی و به‌ند کردنی په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانی پارتی دیموکراتیکی گه‌لانه‌ که‌ به‌ گۆڕینی یاسا ئه‌و کاره‌ی کرد. جار و بار ئه‌ردۆغان له‌پێناو سه‌رکه‌وتنی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیاش سیناریۆیێکی نوێ داده‌هێنێت نموونه‌ زۆرن له‌وباره‌یه‌وه‌. هه‌ندێکیان بریتین له‌؛ تێک‌ئاڵان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ڕژێمی زایۆنی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی داڤووس، چیرۆکی که‌شتی ماری مه‌رمه‌ره‌، کووده‌تای بێئاکام، ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوون و... به‌ گشتی ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ی 16 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ تورکیا سه‌لماندوویه‌تی به‌ باشی له‌ یاریی سیاسی تێده‌گات و هه‌ر جاره‌ و گۆڕه‌پانه‌که‌ بۆ خۆی و حیزبه‌که‌ی ته‌سک ده‌بێته‌وه‌ ئامێر و فێڵێکی نوێ داده‌هێنێت به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها لایه‌نێکی بابه‌ته‌که‌یه‌. له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ ئه‌ردۆغان له‌ نێوان چینی عه‌وامی تورکیا که‌سێکی خۆشه‌ویسته‌ له‌وانه‌یه‌ بکرێت بڵێین مه‌قبوول‌ترین و خۆشه‌ویست‌ترین که‌سایه‌تی سیاسیی ئێستای تورکیا ئه‌ردۆغانه‌. بێگومان ئه‌گه‌ر پێگه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ نێو چینی زۆرینه‌ی خه‌ڵکیدا به‌هێز نه‌بوایه‌ هه‌موو فێڵێکی سیاسیی ناوبراو شوێندانه‌ریی ئه‌وتۆی نه‌ده‌‌بوو به‌ڵام پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ئه‌ردۆغان هه‌رگیز دڵنیاییی پێویستی بۆ بردنه‌وه‌یێکی بێ گێچه‌ڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان نه‌بوووه‌ و هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام ناچار بوووه‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ڕوو بکاته‌ دووپینگی سیاسی به‌ڵام سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌ردۆغان له‌ عاله‌می سیاسه‌تدا هۆکاری‌تریشی هه‌ن. یه‌کێکی‌تر له‌ هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی ناوبراو لاوازی و بێ‌ده‌سه‌ڵاتیی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری دژبه‌ره‌کانییه‌تی له‌ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی ڕای گشتیی تورکیا. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجی دژبه‌ره‌کانی ئه‌ردۆغان بده‌ین ئه‌و بابه‌ته‌مان بۆ ده‌سه‌لمێت که‌ ناوبراو هه‌رگیز ڕکابه‌رێکی نه‌بوووه‌ که‌ له‌ قه‌د و قه‌واره‌ی خۆیدا بێت. به‌رده‌وام ڕکابه‌ره‌کانی ئه‌ردۆغانیش نیعمه‌ت بوون بۆ ناوبراو.

پارتی کۆماریخوازی گه‌ل گه‌وره‌ترین پارتی دژبه‌ری ئه‌ردۆغانه‌. ئه‌و پارته‌ ڕه‌وتێکی چه‌پخوازه‌ که‌ له‌ هه‌مان کاتدا نیشتمانخوازیشن. سه‌رۆکی پێشووی پارته‌که‌ دێنیز بایکاڵ به‌هۆی هه‌وا و هه‌وه‌سێکی خۆڕایی و پاش ڕسوا بوونی ئه‌خلاقی له‌ مه‌یدان ده‌رکرا. که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ جێنشینی ناوبراویش هه‌رگیز که‌سایه‌تییێکی کاریزمای نه‌بوووه‌ و به‌ قه‌دری پێویست له‌ عاله‌می سیاسه‌تدا شکستی هێناوه‌ که‌ چیتر نه‌توانێت مه‌ترسی بێت له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان. ئه‌و حیزبه‌ که‌ پێشینه‌یێکی فراوانی له‌باره‌ی دژایه‌تی کردنی کورده‌وه‌ هه‌یه‌ ئێستا ناچاره‌ له‌گه‌ڵ داوای کورده‌کان یه‌کده‌نگ بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ بتوانێت 25 له‌سه‌دی ده‌نگه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ڕێژه‌ی جێبه‌جێ کردنه‌که‌ یه‌ک له‌سه‌دیش بێت هه‌ر زۆره‌ بۆیان به‌ڵام تا ئێستا که‌مترین سه‌رکه‌وتنیان نه‌بوووه‌. ئه‌و حیزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماردا هاوپه‌یمانی حیزبی ڕادیکاڵی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست بوون. ئێستا خولیای یه‌کگرتنه‌وه‌یان له‌سه‌ردایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی کوردیی دیموکراتیکی گه‌لان ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێکی ته‌واو دژبه‌یه‌که‌ و ته‌نها له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانه‌ له‌ ساحه‌که‌.

ڕکابه‌رێکی دیکه‌ی ئه‌ردۆغان کورده‌کانی تورکیان. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا زۆر حیزبی جۆربه‌جۆر له‌ نێوان کورددا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ به‌ڵام پایاترینیان پارتی دیموکراتیکی گه‌لانه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا نزیکه‌ی سه‌دا 10ی ده‌نگه‌کانی مسۆگه‌ر کرد و پاشان نیسابی یاساییی په‌رله‌مانی شکاند و توانیی ئه‌ندامه‌کانی خۆی به‌رێته‌ په‌رله‌مانی تورکیا. ئه‌و حیزبه‌ زیاتر له‌وه‌ی وه‌کوو حیزبێکی گشتگیری تورکیا ده‌رکه‌وتبێت زیاتر نوێنه‌ری که‌مینه‌ کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بوووه‌. ئه‌وان هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ نێوان نوێنه‌رایه‌تی کردنی ڕه‌وتێکی سیاسیی ده‌ستووری له‌ تورکیا و حه‌زی ده‌روونیی خۆیان بۆ بیرۆکه‌ی ئۆجه‌لان باڵانسێک پێک بهێنن هه‌ر بۆیه‌ش به‌رده‌وام تۆمه‌تی نه‌یاری و هه‌وڵی دژ به‌ وڵاتی تورکیایان ده‌خرێته‌ پاڵ و به‌ ئاسانی و به‌ بچووکترین جووڵه‌ی سیاسیی ئه‌ردۆغان له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ ده‌کرێنه‌ ده‌ر. سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ ئێستا له‌ زینداندایه‌. زۆرینه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی شوێندانه‌رییان له‌ حیزبه‌که‌دا هه‌یه‌ یان وه‌کوو سه‌رۆکه‌که‌یان له‌ زینداندان یان به‌م زوووانه‌ ده‌خرێنه‌ زیندان. ئه‌و حیزبه‌ش به‌هۆی ناڕوون بوون ئامانجه‌کانی و پێداگریی خۆی له‌سه‌ر داوای کورده‌کانی تورکیا و به‌ تایبه‌ت ئایدۆلۆژیای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆکی کورده‌کانی تورکیا هاوپه‌یمانێکی دڵخۆشکه‌ری نییه‌ له‌و وڵاته‌. جار و بار له‌ پارتی داد و گه‌شه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ندێک جاریش له‌گه‌ڵ پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا ده‌چێته‌ ژێر ئاڵای چه‌په‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه‌. حیزبێکی‌تر که‌ چاره‌نووسێکی سه‌ره‌نجڕاکێشی بوووه‌ حیزبی ڕادیکاڵ و نه‌ته‌وه‌خوازی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌. ئه‌و حیزبه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی کاندیدی شکست خواردووترین ڕه‌وتی سیاسیی سه‌رده‌می تورکیایه‌. ئه‌و حیزبه‌ له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا که‌وتنی خۆیانیان به‌ چاو دیوه‌ و خۆشیان نه‌له‌قاندوووه‌. باخچه‌لی ئه‌وکاته‌ی له‌گه‌ڵ قلیچدار ئۆغڵۆ هه‌وڵی لابردنی ئه‌ردۆغانیان ده‌دا ئێستا ده‌سه‌وداوێنی ئه‌ردۆغان بوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی به‌هۆی دابه‌زینی ڕێژه‌ی ده‌نگی هاووڵاتییانه‌وه‌ له‌ژێر نیسابی یاساییی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی تورکیاوه‌ نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و نیسابه‌ یاسایییه‌ی به‌رده‌وام تاکه‌ پشتیوانی بۆ لابردنی کورد هه‌مان پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست بوووه‌. ئێستا به‌شێکی فراوانی چالاکانی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌ ڕێگای خۆیان جیا کردۆته‌وه‌ و IP پارت یان حیزبی "باش"یان دامه‌زراندوووه‌ و پاشماوه‌که‌شیان چوونه‌ته‌ ژێر چه‌تری هاوپه‌یمانیی کۆمارییه‌کان و سه‌ری کڕنووشیان بۆ ئه‌ردۆغان دانواندوووه‌.

دوایین ڕه‌وتی سیاسیی تورکیا هه‌مان حیزبی تازه‌دامه‌زراوی "باش"ه‌. ئه‌و حیزبه‌ له‌ ئه‌ندامانی به‌رجه‌سته‌ی پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست پێکهاتوووه‌ که‌ چیتر له‌ شکست و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌کانی باخچه‌لی وه‌ڕه‌ز بوونه‌ و ڕێبازێکی نوێیان گرتۆته‌به‌ر به‌ڵام سه‌رۆکه‌که‌یان واتا خاتوو مێراڵ ئاکشنه‌ر خۆی پێشینه‌یێکی فراوانی هه‌یه‌ له‌ پاڵپشتی کردنی نه‌ته‌وه‌خوازیی ڕادیکاڵ له‌ تورکیا. بابه‌تی سه‌ره‌نجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ئاوڕیان له‌ پرسی کوردی تورکیا داوه‌ته‌وه‌ و که‌وتوونه‌ته‌ خڵێنه‌ و بڵێنه‌ی ڕه‌گه‌ز و ڕه‌چه‌له‌کی کوردیی خۆیان و پێداگریی له‌سه‌ر ده‌که‌ن. که‌س ئاگای له‌ پلانی ئه‌و حیزبه‌ بۆ داهاتووی تورکیا نییه‌. ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ پاڵپشتیی هێرشه‌که‌ی تورکیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور ده‌که‌ن و په‌یه‌ده‌ به‌ گرووپێکی کوردیی سووریی تیرۆریست ده‌زانن له‌ هه‌مان کاتدا بڕوایان وایه‌ ئه‌ردۆغان له‌ سیاسه‌ته‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی تورکیا به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چێت. که‌س نازانێت قسه‌ی ڕاستی ئه‌و حیزبه‌ چییه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تازه‌ دامه‌زراوه‌ ژماره‌یێک لایه‌نگر و جمهووری بۆ خۆی کۆ کردۆته‌وه‌.

به‌ گشتی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ئه‌و حیزبه‌ ڕه‌نگینانه‌ بۆ شکست پێهێنانی ئه‌ردۆغان ده‌بێت یه‌کده‌نگ بن و که‌س نازانێت ئه‌و مه‌سێحایه‌ی ده‌بێت ئه‌م ڕه‌وتانه‌ له‌ ده‌ور یه‌ک کۆ بکاته‌وه‌ کام سه‌رۆک حیزبه‌. خاتوو ئاکشنه‌ر له‌گه‌ڵ خاتوو په‌روین بوڵدان سه‌رۆکی نوێی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان چییان له‌ یه‌ک ده‌چێت که‌س نازانێت. سه‌ره‌نج‌ڕاکێشتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک له‌و حیزبانه‌ هاوکاریی ئه‌وانی‌تر نه‌کات بێگومان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغانه‌وه‌ شکست ده‌هێنێت. ساڵی 2019 نزیکه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و دژوارییانه‌ی باس کرا ده‌بێت چاوه‌ڕوان بکه‌ین بزانین یارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا چۆن ده‌بێت. پێش هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌کانی ئه‌ردۆغان که‌ ده‌نگێکی بڵندیشیان له‌ میدیاکانی تورکیا هه‌یه‌ باسی فه‌شه‌ل هێنانی ناوبراو ده‌که‌ن به‌ڵام که‌س نازانێت چی ڕوو ده‌دات که‌ هه‌میشه‌ په‌نجا و ورده‌یێک له‌سه‌دی ده‌نگه‌کان ده‌بێت به‌ ناوی ئه‌ردۆغانه‌وه‌. ئایا ئه‌مه‌ ته‌نها دیارده‌یێکی ڕووتینه‌ بۆ ڕای گشتی و ئه‌م جاره‌یان ئه‌ردۆغان شکست ده‌هێنێت یان دیسانه‌وه‌ وتاره‌که‌ی پاش سه‌رکه‌وتنی خۆی ئاراسته‌ی خه‌ڵکی تورکیا ئه‌کات. ئه‌نجامه‌که‌ هه‌رچی بێت ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ی 16 ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیدا نه‌یده‌توانی ڕکابه‌ری ئاوا بێ مه‌ترسی و باشی له‌ عاله‌می سیاسه‌تدا هه‌بێت. ئه‌و ڕکابه‌رانه‌ نیعمه‌تی ئیلاهین که‌ نه‌سیبی ده‌سه‌ڵاتی ژماره‌ 1ی سیاسه‌تی تورکیا بوووه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12248

Your Comment

You are replying to: .
captcha