بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەسەر داوای تورکیا وڵاتی چێک ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریای دەستگیر کرد و پاش لێکدانەوەی بەڵگە و پاساوەکانی تورکیا دادگای چێک موسلیمی ئازاد کرد و بۆ تورکیای نەگەڕاندەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باس لەوە دەکات تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی موسلیم بگەڕێنێتەوە تورکیا و ئەمجارەیان داوای لە وڵاتی ئاڵمانیا کردووە ئەو کارەی چێک نەیکرد بۆی ئەنجام بدات.
هەواڵدەریی دی پی ئای لە ئاڵمانیا سەبارە بە کاردانەوەی وڵاتەکەی لەمبارەوە دەڵێت: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا سەبارەت بەم پرسە هیچی نەدرکاندووە و باسی لەوە کردووە هەموو شتێک دەبێ لەسەر بنەما و شێوازی تایبەتی خۆیدا بێت.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە یووهانس دیمرۆس باسی لەوە کردووە ئەگەر ئەو داواکارییە بە شێوەی دوو لایەنە یان خۆ لە ڕێگای ئینتێر پۆلەوە بگاتە دەستیان بە هەستیاریی زۆرەوە تاوتوێی دەکەن و جەختیشی لەوە کردۆتەوە چوونکە پرسەکە زۆر هەستیارە دەبێ پێش بڕیار دان هەموو کونجەکانی لێکبدرێنەوە.
دۆیچەولە لەمبارەوە ئاماژەی بە سەفەری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ ئاڵمانیا کردووە و وتوویەتی ئەگەر هەیە گەڕاندنەوەی ساڵح موسلیم لە دیدارەکانی ئەم سەفەرەدا بخرێتە بەر باس.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment