بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند دەبێت فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق هەڵوێستی لە بارەی پەسەند کردنی بودجە هەبێت.
لەبارەی بەڵێنەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: هاووڵاتییانی کوردستان ئومێدێکی زۆریان بە بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراق هەبوو، ئێمەش هەرچی پێمان کرا کردمان بۆ ئەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بێ بەڵێن دەرچوو.
ناوبراو راشیگەیاند: من تاوەکوو ئێستا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بێئومێد نەبوومە، ئەگەر بێئومێدیش بووم لەوەی کێشەکان چارەسەرناکرێن، بە روون و راشکاوی لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە دەکەم.
لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش ئایا بودجە رەت دەکەنەوە یان قبوڵی دەکەن؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "هەڵوێستی روونی ئێمە، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە پەرلەمانی عێراق کە بودجەیان رەت کردەوە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەشە و پاڵپشتی دەکەین".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا ئایا لە بەغدا دەکشێنەوە؟ یان بژاردەی دووەم چی دەبێت؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لەگەڵ بەغدا بەردەوامدەبین، بەردەوام بوونمان بۆ ئەوەیە بتوانین بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین".
بارزانی راشیگەیاند: بەغدا تەنیا هی هیچ لایەنێک نییە، هی هەموومانە، هێ ئێمەشە، دەبێت بەردەوام بین، کەی گەیشتینە بنبەستیش بە خەڵکی خۆمان دەڵێین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟ ئایا ئێوە خەتابارن بە مەرجەکانیان پابەندنابن، یاخود ئەوان؟ نێچیرڤان بارزانی وتی: "ئەوەی پێویست بووە و لە چوارچێوەی دەستووردا بووە جێبەجێمان کردووە، هیچ خاڵێکیش نابینین، یان بڵێن لەو خاڵە ناکۆکن لەگەڵ ئێمە، ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەوەین کەی ئەو رێککەوتننانەی کردوومانن جێبەجێ بکرێن.
یەکێک لەو پرسیارانەی لە نێچیرڤان بارزانی کرا لە بارەی دابەش کردنی مووچە بوو، لەم بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: بەپێی ئەو داهاتەی هەمانە لە دابەش کردنی مووچە بەردەوام دەبین، بەڵام لە دوای رووداوەکانی کەرکووک داهاتمان بۆ نیوە دابەزیوە.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment